کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک: ئاوارەکان هەست بە پارێزراوی ناکەن، بۆیە ناگەڕێنەوە ناوچەکانیان

بەڕێوەبەری گشتیی کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک دەڵێت: بەهۆی ئەوەی ناوچەکەیان وێرانە و ئارامیی لێ نییە، ژمارەیەکی زۆر کەمی ئاوارەکان دوای بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق بۆ داخستنی کەمپەکان، گەڕاونەتە سەر ماڵ و حاڵیان.
شەممە، 27-07-2024، پیردەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری گشتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای دهۆک، لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی دانیشتووی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانیان؛ بۆ کوردستان24 دوا.
گەڕانەوەی ئاوارەکان و بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڕیاری داوە تاوەکوو 30-07-2024 هەموو کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دابخات. پیردەیان جەعفەر گوتی: لە دوای بڕیارەکە، ژمارەیەک زۆر کەمی ئاوارەکان گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵیان لە سنووری شنگال و ناوچەکانی دیکە، "چونکە ئارامی و سەقامگیریی لەو ناوچانە نییە، خانووەکانیان وێرانن و پێویستە دووبارە ئاوەدان بکرێنەوە".
حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە هەر خێزانێکی ئاوارەی دانیشتووی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە ناوچەکەی خۆی، بڕی چوار ملیۆن دیناری پێ بدات. پیردەیان جەعفەر دەڵێت، "ئەو بڕە پارەیە بۆ ئاوەدانکردنەوەی خانوو و دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی ئەو ئاوارانەی دەگەڕێننەوە، زۆر کەمە. ئاوەدانکردنەوەی هەر خانووەیەک پێویستی بە لانیکەم 20 ملیۆن دینارە".
"حکوومەتی عێراق هاوکارییەکانی بۆ ئاوارەکان ڕاگرتووە"
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کۆچ و کۆچبەران لە پارێزگای دهۆک، "حکوومەتی عێراق پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هاوکارییەکی بۆ ئاوارەکانی دانیشتووی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان ڕاگرتووە، بەو ئامانجەی ئاوارەکان ناچار بە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانیان بکات".
بەڕێوەبەری گشتیی کۆچ و کۆچبەران لە پارێزگای دهۆک دووپاتی کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە نزیکەی دوو ملیار دینار بۆ دابینکردنی خواردنی ڕۆژانە، کارەبا، ئاو، کۆکردنەوەی خاشاک و خزمەتگوزارییەکانی پەروەردە و تەندروستی بۆ ئاوارەکان خەرج دەکات.
هیومان ڕایتس وۆچ: تا ئێستە قەرەبووی ئاوارەکانی شەنگال نەکراوە
ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، له‌نوێترین ڕاپۆرتیدا له‌باره‌ی پرسی داخستنی كه‌مپی ئاواره‌كان له عێراق و چۆنییەتی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئاواره‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناوچه‌كانیان، ئاماژه‌ی به‌وه كردووه "دوای ساڵێك له بڕیاری قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئاواره‌كانی شنگال، به‌ڵام تاكو ئێستە وه‌ك پێویست هاوكاریی نه‌كراون" ده‌شڵێت "تا ئێستە نزیكه‌ی 10 هه‌زار خێزان فۆرمی داواكاری قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان پێشكه‌ش كردووه، كه‌چی قه‌ره‌بوو نه‌كراونه‌ته‌وه".
به‌گوێره‌ی ڕاپۆرته‌كه، %80ـی ژێرخان و %70ـی خانوو له شارۆچكه‌ی شنگال به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه وێران بوونه و قه‌ره‌بوو نه‌كراونه‌ته‌وه، به‌جۆرێك به‌شی زۆری ئاواره‌كانی شنگال، پێویستیان به هاوكاریی دارایی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان و ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه. دوای حه‌وت ساڵ له نه‌مانی داعش، ئێستەشی له‌گه‌ڵدا بێت، هه‌زاران خێزانی شنگال له كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌ژین، پێویستیان به هاوكاریی ڕۆژانه هه‌یه.
هیومان ڕایتس وۆچ ئاماژه‌ی داوه "ساڵی ڕابردوو نزیكه‌ی 3500 خێزان داوای قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان پێشكه‌شی فه‌رمانگه‌ی دارایی پارێزگای نه‌ینه‌وا كردووه، ئه‌م ژماره‌یه ئێستە بۆ 10 هه‌زار خێزان به‌رزبووه‌ته‌وه، كه‌چی تاكو ئێستە قه‌ره‌بوویان نه‌كراوه‌ته‌وه. به‌جۆرێك به‌شێك له‌و شنگالییانهی گه‌ڕاونه‌ته‌وه زێدی خۆیان، دوای نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خانووه‌كانیان، هێشتا حكوومه‌ت قه‌ره‌بووی نه‌كردوونه‌ته‌وه. له‌و گرفتانه‌ی ڕووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه، نه‌بوونی خزمه‌تگوزاریی و ژێرخان و ناسه‌قامگیریی ئه‌منییه، به‌جۆرێك زۆرینه‌یان له‌و بڕوایه‌دان ژیانیان له شنگال زۆر له ناو كه‌مپه‌كان خۆشتر نییه".
له‌كۆتایی ڕاپۆرته‌كه‌ی هیومان ڕایتس وۆچدا هاتووه "پێویستە حکوومەت هه‌نگاوی ڕژد بۆ ئاوەدانکردنەوە، نۆژەنکردنەوە و قەرەبووکردنەوە، لایه‌نی کارگێڕی و ئاسایشی شاره‌كه بگرێته‌به‌ر".