دۆسیه‌ی تیكتۆك له ئه‌مه‌ریكا ده‌خرێته به‌رده‌م دادگه

وەزارەتی دادی ئەمه‌ریکا داوای لە دادگه‌ی تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی کرد سكاڵای دادوەری بۆ یاسایەک ڕەت بکاتەوە کە داوا دەکات کۆمپانیای "بایت دانس" کە بنکەکەی لە چینە تا 19ـی كانوونی دووه‌می 2025 سەروەت و سامانی تیک‌تۆک لە ئەمه‌ریکا بفرۆشێت، ئەگەرنا ڕووبەڕووی قەدەغه دەبێتەوە.
وەزارەتەکە لە داواکارییەکەدا ڕایگەیاندووە، ئەپڵیکەیشنی تیک‌تۆک كه کەوتووتە ژێر خاوەنداریه‌تی چینییەوە "مەترسییەکی جیددی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی دروست دەکات، بەهۆی توانای دەستگەیشتن بە زانیارییە کەسییە بەرفراوانەکانی ئەمریکاییه‌کان".
هه‌روه‌ها وه‌زاره‌ته‌كه هێمای بۆ ئه‌وه كردووه، تیک‌تۆک ئامرازێک بۆ حکوومەتی چین ده‌سته‌به‌ر ده‌كا بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمه‌ریکا لە دوو ڕێگەی سەرەکیدا: کۆکردنەوەی زانیاری و دەستکاریکردنی نهێنی ناوەڕۆکه‌كان.
شه‌ممه 20ـی نیسانی 2024، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمه‌ریکا (كۆنگرێس) دەقێکی پەسەند كرد کە هەڕەشەی قەدەغەکردنی تیک‌تۆک لە ئەمه‌ریکا دەکات.
له لای خۆیه‌وه پلاتفۆرمی تیكتۆك له كاردانه‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌ی كۆنگرێسدا، ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاو كرده‌وه و تێیدا ڕه‌خنه‌ی گرتووه و به پێشێلكردنی ئازادیی ڕاده‌ربڕینی 170 ملیۆن ئه‌مه‌ریكی ناو بردووه.
چوارشه‌ممه 13ـی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمه‌ریکا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژە یاسایەکی پەسەند کرد کە تیک‌تۆک ناچار دەکات لەو کۆمپانیایە چینییە جیا ببێتەوە کە خاوەنداریه‌تی دەکات و سزای ئەمه‌ریكای له‌سه‌ره.
له ڕووداوێكی ده‌گمه‌ندا ئه‌ندامانی هه‌ردوو پارتی كۆماری و دیموكراتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا به 352 ده‌نگ ده‌نگیان له به‌رژه‌وه‌ندی پڕۆژه یاساكه دا و 65 ئه‌ندامی دیكه‌یش دژی پڕۆژه یاساكه ده‌نگیان دا.