بەهۆی کوژرانی گەنجێک لە سلێمانی کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆ دەستگیر دەکرێت

گەنجێک لە سلێمانی لە ئەنجامی تەقەکردن دەکوژرێت و ئاسایشی سلێمانیش دەڵێت، کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆیان دەستگیر کردووە.
شەوی 27ی تەمموزی 2024، لە گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی گەنجێک بەناوی ئاری کە پیشەی چایچییە، کوژرا.
سەرکەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی سلێمانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لەبارەی گەنجە کوژراوەکە نووسیویەتی، گەنجێکی ڕووخۆش و کاسبکار بووە و ئەم عەسرە سەردانی کردووە و پێکەوە قسەیان کردووە. ئەوەشی خستووەتە ڕوو، "بەداخەوە، دەستێکی ڕەش مەودای نەدا، ٸاری خەونەکانی بێنێتە دی".
هاوکات ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیەنداوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: "پاش ئەوەی ئەمشەو لە گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان دوو هاوڵاتی دروست دەبێت، بەداخەوە دەبێتە هۆی گیان سپاردنی کەسێک، ڕاستەوخۆ هێزەکانی ئاسایش گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و تۆمەتباری ڕووداوەکە و کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆ بەتۆمەتی هاوکاریی بکوژەکە دەستگیر دەکەن".