وەزارەتی دارایی عێراق چەندان ملیاری دیناری وەک یارمەتیی دارایی لە بودجەی گشتیی بۆ لایەنە سیاسییەکان بڕیوەتەوە

بەگوێرەی نووسراوێکی دزەپێکراوی وەزارەتی دارایی عێراق، لەساڵی 2018ـەوە بڕی 13 ملیار دینار و لە بودجەی گشتیی ئەمساڵیشدا بڕی پێنج ملیار دینار وەکو یارمەتیدانی بەشێک لە حزب و لایەنەکان تەرخان کراوە. پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ کە ئەم پرسەی خستووەتە بەرباس دەڵێت: "دەبێت هاووڵاتییان جیاوازی بکەن لەنێوان ئەو لایەنانەی کە کار دەکەن و ئەو لایەنانەش کە دەستدرێژیی دەکەنە سەر موڵکی گشتی".
پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق لەڕێگەی خستنەڕووی چەند بەڵگەنامەیەکەیەوە گەندەڵییەکی گەورە ئاشکرا دەکات، کە تێیدا وەزارەتی دارایی عێراق لەڕێگەی تەرخانی بودجەی گشتیی چەندین ملیاری دیناری بۆ بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان خەرج کردووە.
ئەمیر مەعمووری، پەرلەمەنتاری سەربەخۆ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک سەرەڕای خستنەڕووی چەند بەڵگەنامەیەکی سەلمێنەر دەپرسێت "ئایا دەزانن وەزارەتی دارایی چەندان ملیاری دیناری وەک یارمەتی دارایی لە بودجە بۆ ئەو لایەنە سیاسییانە بڕیوەتەوە کە بەشێکیان ئەندامیان لە پەرلەمانی عێراق هەیە و بەشەکەی دیکە ئەو پارتانەن کە بەشداریان لە هەڵبژاردندا کردووە؟"
ئەو پەرلەمانتارە سەربەخۆیە دەشڵێت: تەرخانکردنی دارایی لە بودجە بەڕێژەی 80٪ـی ئەو پارتانە دەگرێتەوە کە ئەندامیان لە پەرلەمانی عێراق هەیەو 20٪ـیش ئەو حزب و لایەنانەن کە بەشداریان لە هەڵبژاردندا کردووە، ئەوەشی ئاشکرا کرد، "تاوەکو ئێستە 13 ملیار دینار خەرجکراوە و بەگوێرەی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024یش کە پێنج ملیار دیناری دیکە تەرخانکراوە، خەرجکردن بەردەوامە".
مەعمووری، دووپاتی دەکاتەوە لەهەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم گەندەڵییە بەو پێیەی خەرجییەکی ناڕەوایە و لەسەر ملی هاووڵاتیانی عێراقە، ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێت هاووڵاتییان جیاوازی لەنێوان ئەو لایەنانەدا بکەن کە کار دەکەن و ئەوانەش کە سامانی گشتیی دەدزن و دەستدرێژی دەکەنە سەر موڵک و ماڵی هاووڵاتیان، دەشپرسێت "کێ هەڵسەنگاندن بۆ ئەم لایەنانە دەکات تاوەکو بڵێین شایەنی ئەم یارمەتییە داراییەن؟"
بەگوێرەی بەڵگەنامە دزە پێکراوەکانی وەزارەتی دارایی دەرکەوتووە لە بودجەی ساڵی 2018 بڕی چوار ملیار دینار و لەبودجەی ساڵی 2019 بڕی چوار ملیار دینار و لە بودجەی ساڵی 2023 بڕی پێنج ملیار دینار بۆ لایەنەکان خەرج کراوە هەروەها لەبودجەی ساڵی 2024ـیش بڕی پێنج ملیاری دیکە بۆ ئەو لایەنانە تەرخان کراوە.