ناتانیاهۆ: بێدەنگ نابین

بە هۆی هێرشەکەی سەر کۆمەڵگەی “مەجدەل شەمس” لە باکووری ئیسرائیل و کوژرانی نزیکەی 10 کەس، بەرپرسانی ئیسرائیل هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توند لە حیزبوڵلای لوبنانی دەکەن، ئەو ڕێکخراوەش ڕەتی دەکەنەوە دەستیان لە هێرشەکەدا هەبێت.
پێ دەچێت هێرشەکەی سەر جۆلان و کوژرانی نزیکەی 10 ئیسرائیلی، ئاگر بە فتیلەی جەنگی فراوانی ئیسرائیل و حیزبوڵلاوە بنێت و دۆخەکە چیتر وەک پێشووی لێ نەیەتەوە. بەرپرسانی ئیسرائیل هەڕەشەی باجی قورس لە حیزبوڵلای لوبنانی دەکەن، ئەو ڕێکخراوەش ڕەتی دەکاتەوە دەستیان لە هێرشەکەی سەر “مەجدەل شەمس”ی جۆلاندا هەبێت.
شەوی شەممە، 27-07-2028، مووشەکێک لە کۆمەڵگەیەکی وەرزشی “مەجدەل شەمس”ی سەر بە جۆلانی باکووری ئیسرائیل کەوتە خوارەوە، بەهۆیەوە نزیکەی 10 کەس کوژران کە بەشێکیان منداڵ و مێردمنداڵن، نزیکەی 20 کەسی دیکەش بریندار بوون.
دوا بە دوای هێرشەکە، بەرپرسانی ئیسرائیل پەنجەی تۆمەتیان بۆ حیزبوڵلای لوبنانی ڕاکێشا و بەڵێنیاندا باجەکەی قورس دەبێت. یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕێکارەکانی هێرشکردنە سەر حیزبوڵلای خستە ئامادەباشییەوە، ژمارەیەک پێگەی و کۆگەی چەکی حیزبوڵلاشیان لە باشووری لوبنان بۆردوومان کرد.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڕیاری دا بە هۆی هێرشەکەوە، سەردانەکەی بۆ ئەمریکا کۆتایی پێ بهێنێت و بە پەلە بگەڕێتەوە ئیسرائیل. ناتانیاهۆ لە پەیامێکیشدا گوتی، حیزبوڵلای لوبنانی بەرپرسیارە لە کۆمەڵکوژییەکەی “مەجدەل شەمس” و لێی بێدەنگ نابن.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "لە نێو کوژراوەکاندا منداڵانی بچووک هەن کە یاری تۆپی پێیان کردووە. دڵمان بە بینینی دیمەنەکان شکا. لەوکاتەوە ئاگادارکراومەتەوە بەردەوام لە هەماهەنگی ئەمنیدا بووم. بڕیارم دا بگەڕێمەوە بۆ ئیسرائیل. هەر کە گەیشتمەوە کۆبوونەوەی حکوومەت لە سەر ئەم ڕووداوە دەکەین. دڵنیاتان دەکەمەوە ئیسرائیل لە سەر ئەمە بێدەنگ نابێت".
لای خۆیەوە دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل گوتی، هەرچەندە حیزبوڵلا بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕەت دەکاتەوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکانیان حیزبوڵلا کارەکەی کردووە و سوپاکەیان ئامادەکاریی بۆ وەڵامدانەوە دەکات.
هەرچەندە حیزبوڵلا چەند ساتێک دوای هێرشەکەی سەر “مەجدەل شەمس”، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕەتی کردەوە هێرشەکەیان کردبێت، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل سوورن لە سەر ئەوەی حیزبوڵلای لوبنانی ئەو کارەی کردووە و ئەبێ باجدەکەی بدات.
هاوکات، کۆشکی سپی و یەکێتیی ئەورووپا، بەتوندی کوژرانی 10 ئیسرائیلیان سەرکۆنە کرد و ڕووداوەکەیان بە پێشهاتێکی مەترسیدار وەسف کرد، داواشیان کرد هەموو لایەک دان بەخۆیاندا بگرن، تا دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەرنەچێت.