عێراق وڵاتی سەیر و سەمەرەکانە
مامۆستاییەکی زانکۆ، "ناکرێت بە پاساوی زیارەتکردن سنوورەکان بەرەڵڵا بکرێن"
وەزیری کاروباری ئایینی پاکستان، چوهدری حوسێن، سەرسوڕمانی خۆی لە دیارنەمانی 50 هەزار هاووڵاتی خۆی لە عێراق ڕاگەیاند، داوای لە حکوومەتی عێراق کرد، بە خێرایی لێکۆڵینەوە لە دیارنەمانی ئەو پاکستانییانە بکات.
وەزیرەکە ئاماژەی بەوەش کرد، حکوومەتی ئیسلام ئاباد لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەو کەسانە دەکات کە لە ڕێگەی نایاساییەوە گەشت بۆ دەرەوەی وڵات دەکەن .
حەمید هیلالی، مافپەروەر و مامۆستای زانکۆ بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، "دەنگۆی بڵابوونەوەی تایبەت بە 50 هەزار زیارەتکاری پاکستانی من پێم وایە ئەم بابەتە لە قەبارەی خۆی زیاتر گەورە کراوە، بەوپێیەی پرسەکە پەیوەندیدارە بە دۆخی ئەمنییەوە، ناکرێت بە پاساوی زیارەتکردن سنوورەکان بەرەڵڵا بکرێن، پێویستە وردبینی ئەمنی هەبێت، زیارەتکارن بەخێر بێن، بەڵام بەگوێرەی یاسا و ڕێساکان و بەگوێرەی توانای وڵات، ئەو بۆنەیە لەوەی بۆنەیەکی سۆزدارییە کەمتر ئاینییە و ئامانجەکەی زیاتر گەیاندنی پەیامە، سیستەم و یاساش لە گەورەترین پەیامەکانی ئیمام حوسێنە".
حوسێن سەبری، چالاکوانی مەدەنی دەڵێت: "بە گشتی، شتە سەیرەکانی جیهان لە عێراق ڕوو دەدەن، هەر ڕۆژە و شتێک دیار نامێنێت. ڕۆژێک پارە دیار نامێنێت. رۆژێک کۆمەڵێک کەس بزر دەبن؛ هەموو ئەو شتانەی کە لە جیهاندا مایەی سسەرسوڕمانن، لە عێراق ڕوو دەدەن، دیارنەمانی 50 هەزار پاکستانی نازانی ناوی چی لێ بنێی، هاوشێوەی دزی سەدە وایە، لەناکاو پارەی باج دیارنەما، ئەم بابەتەی پاکستانییەکانیش هەمان شتە."
ئەحمەد مەدەنی، ڕۆژنامەنووس ئاماژەی بەوە کرد "چۆن دیار نەمان یان کێیە هاووڵاتیانی پاکستانی حەشار دەدات، یەکێکە لەو کێشانەی کە عێراق ئێستا رووبەڕووی بووەتەوە کێشەی کرێکارانی بیانیی نا یاساییە، کە لێکەوتەی ئەمنی و ئابووری خراپی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەتایبەت بوونی ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاری بیانیی لێکەوتەی ئابووری خراپی لەسەر بازاڕی عێراق دروست کردووە، کە ئەمە پێویست بەوە دەکات وەزارەتی ناوخۆ لەبەر پرسی ئەمنی چاودێری بازاڕ لە هەموو پارێزگاکان بکات".
محەممەد فەتلاوی، نووسەر و چاودێری سیاسی ڕایگەیاند "بابەتی دیارنەمانی 50 هەزار پاکستانی لە عێراق لەسەر زاری وەزیری دەرەوەی پاکستان بابەتێکی ئێجگار مەترسیدارە و پێویستە حکوومەتی عێراق هەڵوەستە لەسەر ئەم پرسە بکات و پێویستیشە ئەو کەسانە ئاشکرا بکرێن کە لەپشت هێنانی ئەو ژمارە زۆرەی کرێکاری بیانین بەشێوەی نایاسایی هەروەها ئەوانەش ئاشکرا بکرێن کە لەپشت خستنەسەرکاری ئەو کرێکارانەن لەدەرەوەی یاسا".