سوودانی: هەموو پێدوایستییەکانی هەڵبژاردنی کوردستانمان دابین کردووە

پێشوازیی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەرپرسی فەرمانگەی هەڵبژاردن لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق
پێشوازیی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەرپرسی فەرمانگەی هەڵبژاردن لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق

سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، هەموو پێداویستییەکانمان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، دابین کردووە.

یەکشەممە، 28-07-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیی لە عامر مووسا حوسێنی، بەرپرسی فەرمانگەی هەڵبژاردن لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد.

 نووسینگەی ڕاگەیاندنی سوودانی لە ڕاگەیەندراوەکەدا باسی لەوە کردووە، "بەرپرسی فەرمانگەی هەڵبژاردن، سەرۆکوەزیرانی عێراقی لە دوایین ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئاگادار کردووەتەوە بەوپێیەی حکوومەتی فیدراڵی هەموو پێداویستییەکانی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکە دابین کردووە".

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، "بوونی کۆمیسیۆنێکی پیشەیی و دەستپاک کە بێلایەنیی خۆی بپارێزێت، شتێکە ناکرێت دەستبەرداری ببین؛ بەو پێیەی نوێنەرایەتیی گەرەنتیی بەردەوامیی پرۆسەی هەڵبژاردن دەکات، کە کرۆکی سیستمی دیموکراسییە و یەکێکە لە گرنگترین ستوونەکانی".

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت. 

بە گوێرەی دوایین ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کارتی بایۆمەتریی دەنگدان کە تایبەتە بە دەنگدەرانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان؛ تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە، 04-07-2024،  لە کۆی 818 هەزار و 979 کارت لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، دهۆک و سلێمانی؛ 438 هەزار و 533ـیان وەرگیراونەتەوە کە دەکاتە نزیکە سەدا 53.5 و 380 هەزار و 464ـیشیان وەرنەگیراونەتەوە کە دەکاتە نزیکەی سەدا 46.5.

دابەشکاریی ژمارەی کورسییە گشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:

1.  هەولێر: 32 کورسی

2.  سلێمانی: 36 کورسی

3.  دهۆک: 24 کورسی

4.  هەڵەبجە: سێ کورسی

(کۆی گشتی: 95 کورسی)

دابەشکاریی ژمارەی کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:

1.  هەولێر: دوو کورسی

2.  سلێمانی: دوو کورسی

3.  دهۆک: یەک کورسی

4.  هەڵەبجە: سفر کورسی

(کۆی گشتی: 5 کورسی)

Fly Erbil Advertisment