چالاکوانێکی ژینگە: ئەمساڵ بەرهەمی کەنگرۆک زیادی کردووە

چالاکوان و ژینگە پارێز ڕایگەیاند، بەراورد بە پار، بەرهەمی کەنگرۆکی ئەمساڵ زۆر باش و جوانە.
یەکشەممە، 28ـی تەمموزی 2024، ڕێبەر سەعدوڵڵا، چالاکوان و ژینگەپارێز بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەرهەمی کەنگرۆک لە ڕێگەی ڕەندۆڵەوە کۆ دەکرێتەوە. چەند جۆر ڕەندۆڵیشمان هەیە، هەیە لە پێستی ئاژەڵ دروست دەکرێت، جۆرێکی دیکەی لە تەل دروست دەکرێت، ڕەندۆڵی پێستی ئاژەلە کە کۆنترین و باشترین جۆرە، بەڵام ئێستە هەندێک کەس بە تەشت کۆی دەکەنەوە، دارێکی دووسەرەش بۆ کوتانەوەی بەکاری دەهێنن.
ئەو چالاکوانە دەڵێت: بە هەرەوەزیی لەگەڵ گوندنشینەکان کەنگرۆک کۆ دەکەینەوە و موختاری گوند بانگەواز دەکات و ئاگەداریان دەکاتەوە، بە دوو جۆر بانگەواز، بانگەوازی کوێستان و بانگەوازی گەرمیانەکان، ڕۆژەکەیان پێ دەڵێت یاخود دەڵێت سبەی دەچینە کۆکردنەوەی کەنگرۆک، پێش ئەو بانگەوازە کەس ناتۆنێت بۆی بچێت، هەمووان لە یەک ڕۆژ و کاتدا دەچنە کەنگرۆک.
دەشڵێت: بەرهەمی کەنگرۆکی ئەمساڵ زۆر باشە، ساڵەکە چەند بەفر و سەرما بێت بەرهەمەکە جوانتر دەبێت. ئەمساڵ بەرهەمەکەمان هەم زۆرە و هەمیش جوانترە. هەروەها نرخەکەشی زۆر باش بوو بە بەراورد بە پار و نرخەکانیش بەگوێرەی شوێن دەگۆڕێت، هی کوێستانەکانی "کانی بۆت، هۆرێ، دۆڵی بەردە گردان، دڵبەخۆی" نرخی ئەو شوێنانە زۆرە و دەگاتە 25 هەزار دینار.
ئەوەشی خستە ڕوو کە "کەنگرۆک لە ناوچە شاخاوییەکان زۆرە بەتایبەت "گوندی کانی بۆت چیای شیرن، هۆرێ" چەقی کەنگرۆکن، لە شوێنی دیکەش هەیە و دێتە ناو شار بەلام لەو شوێنانە پێش ئەوەی کەنگرۆکەکە وشک بێت لێی دەکەنەوە و دەیفرۆشن، بۆیە لە ناوچەکانی دیکە کەمە. بەلام ناوچەکەی ئێمە لەبەر ئەوەی شاخاوییە خەڵکی ناتوانێت و دەستی پێ ناگات، بۆیە وشک دەبێت لێ دەکرێتەوە دەفرۆشرێت".
ڕێبەر سەعدوڵلا، ڕاشیگەیاند "هەرەوەزییەکە بە ئافرەت و پیاو بەیەکەوە دەچن بۆ کۆکردنەوەی کەنگرۆک، هەندێک بۆ شەوچەرە و خواردن بەکاری دەهێنێت، هەندێکیش دەیفرۆشنەوە بۆ بژێوی ژیانیان سوود لە کەنگرۆک دەبینن".