لاهور شێخ جەنگی: ئەوەی لە سلێمانی دەگوزەرێت لە هیچ شوێنێکی دونیا ناگوزەرێت و قابیلی قبووڵ نییە

لاهور شێخ جەنگی
لاهور شێخ جەنگی

K24 – سلێمانی:

سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە سلێمانی لەبارەی دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکانی تەقەکردن و کوشتنی هاووڵاتییان لەلایەن کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە، ڕایگەیاند: ئەمەی لە سلێمانی ڕوودەدات لە هیچ شوێنێکی دونیا ناکرێت و قابیلی قبووڵ نییە.

ڕۆژی 28ـی تەمموزی 2024، لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە سلێمانی لە لێدوانێکیدا بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاند: کاری ئاسایش و پۆلیسە خەڵک دەستگیر بکات بە بڕیاری دادوەر و بە هیچ شێوەیەک هێزەکانی پێشمەرگە و کۆماندۆ مافی ئەوەیان نییە هەڕەشە لە خەڵک بکەن و بە چەکەوە بێنە ناو شار و خەڵک دەستگیر بکەن.

لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەکرد: بە داخەوە ئەوەی لە سلێمانی دەگوزەرێت لە هیچ شوێنێکی دونیا ناگوزەرێت و بەپێی یاسای هێزەکانی ناوخۆ تەنیا پۆلیس و ئاسایش بەپێی بڕیاری دادوەر دەتوانن خەڵک دەستگیر بکەن بەڵام ئەوەی لە سلێمانی هەیە ئەمەی پێچەوانە کردووەتەوە و پۆلیس و ئاسایش هیچ دەسەڵاتێکی نەماوە و هێزی کۆماندۆ کە سەر بە یەکەی 70 و وەزارەتی پێشمەرگەیە خەڵک دەستگیر دەکات و دەیانکوژێت.

لاهور شێخ جەنگی گوتیشی: ئەوەی ڕوودەدات خەتای خودی بافڵ تاڵەبانییە، چونکە ئەگەر پاسەوانەکانی من ‌هەڵەیەک بکەن، خەتای ئەوان نییە، بەڵکو خەتاکە لە منە پەروەردەم نەکردوون.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، لاهور شیخ جەنگی باسی لەوەکرد: ڕۆژێک پێشتر بافڵ تاڵەبانی سەردانی هێزەکانی کۆماندۆی کردووە و دەستخۆشی لێکردووە لە بەرانبەردا ئەو هەموو ناعەدالەتی و دەستدرێژییەی لە خەڵک دەکەن.

هاوکات جەختی کردەوە: لە سلێمانی هیچ دامودەزگایەکی حکوومی نەماوە و ئۆباڵەکەشی خستە ئەستۆی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی کە هێزەکانی دژەتیرۆر و کۆماندۆ بۆیان نییە خەڵک دەستگیر بکەن و کاتی ئەوەشە خەڵک قسە بکات و ئەمە ئیتر قبووڵ نەکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، شەوی 27ی تەمموزی 2024، لە گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی گەنجێک بەناوی ئاری کە پیشەی چایچییە، کوژرا و ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیەنداوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: "پاش ئەوەی ئەمشەو لە گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان دوو هاوڵاتی دروست دەبێت، بەداخەوە دەبێتە هۆی گیان سپاردنی کەسێک، ڕاستەوخۆ هێزەکانی ئاسایش گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و تۆمەتباری ڕووداوەکە و کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆ بەتۆمەتی هاوکاریی بکوژەکە دەستگیر دەکەن".