چاککردنەوەی هێلێكی سەرەكیی پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێ کێشەی کەمئاوی هەولێر کەم دەکاتەوە
K24 – هەولێر:
لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە ڕێگەی نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی یەکێک لە پێنج هێلە سەرەکییەکەی پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێی شاری هەولێر کە بۆ ماوەی دوو ساڵە لە کارکردن وەستاوە، 20%ـی ئاوی ئیفراز سێ زیاد دەکات و بەمەش 60 هەزار مەترسێجا ئاو لە سەنتەری شاری هەولێر زیاد دەکات.
ماوەیەکە کرێکارانی پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێی شاری هەولێر ڕاسپێردراون لە کەمترین ماوەدا نۆژەنکردنەوەی یەکێک لە هێلە سەرەکییەکانی پرۆژەکە تەواو بکەن کە بۆ ماوەی دوو ساڵە بەهۆی بەسەرچوونییەوە ئاو لە یەکێک لە پەمپە سەرەکییەکان وەستابوو کە %10ـی توانای پرۆژەکەیە، بریارە لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا بکەوێتەوە کار.
لەلایەن خۆیەوە، حاتهم سلێمان، جێگری بهڕێوهبهری كۆمپانیای جێبهجێكاری پرۆژەکە ڕایگەیاند: ئەو بۆرییەی ئێستا بەکاری دەهێنن کوالێتییەکەی باشترە و وەک ئەوانی پێشتر نییە کە فشاری زیادی لەسەر بێت بتەقێت.
پرۆژەی ئاوی ئیفراز توانای بەرهەمهێنانی 13 هەزار و 500 مەتر سێجا ئاوی هەیە لە کاتژمێرێکدا، کە لە ڕێگەی سێ هێلی سەرەکییەوە دەگەیەندرێت بە سەنتەری شاری هەولێر، رێژەی بەرهەمی ئاوی هەولێر کە لە رێگەی بیرەکان و ئاوی ئیفرازەوە دابین دەکرێت بریتییە لە 20 هەزار مەتر سێجا ئاو لە کاتژمێرێکدا، بە چاککردنەوەی هێلی ئاوی ئیفراز سێ بە نزیکەیی 20%ـی رێژەی ئاوی شاری هەولێر زیاد دەکات، پێشبینیش دەکرێت بە هۆی چاککردنەوەی هێلەکە کێشەی کەمئاوی لە بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی هەولێر چارەبێت.
هاوکات ئەندازیار ڕابەر حوسێن، بەڕێوەبەری دابەشکردنی ئاوی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: گۆڕینی ئەو پارچەیەی هێلی ئیفراز سێ کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر پێدانی ئاو بەو ماڵانەی دەکەونە سەر هێلەکە، لەوانە، سەیداوە، مامۆستایان، باداوە، بەشێک لە گەڕەکەکانی قەڵاتی نوێ، بێرکۆتی نوێ، فەرمانبەران، پێنجی حەسارۆک و هاوکاری، کە لە ماوەی ڕابردوو کێشەی کەمئاوییان هەبوو.
بەڕێوەبەری دابەشکردنی ئاوی هەولێر گوتیشی دوو پەمپی وێستگەی ئاوی خابت کە تێکچووبوون، چاککراونەتەوە ئەمەش کاریگەری لەسەر زیادکردنی بەرهەمهێنان و گەیاندی ئاو بە شاری هەولێر دەبێت.
ساڵانە لە وەرزی هاویندا خواستی بەکارهێنانی ئاو لەلایەن هاووڵاتییانەوە زیاد دەبێت، هەر بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە ڕێگەی پلان و پرۆژە و پرۆسەکانی نۆژەنکردنەوە بەردەوام لە هەوڵی زیادکردنی ڕێژەی دابینکردنی ئاوی پاکدایە.