ساسان عەونی: لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەنگاوەکانی دابینکردنی زەوی بۆ فەرمانبەران خێراتر دەکرێت

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەخت لەسەر خێراتركردنی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەر دەكاتەوە و داوا دەکات ڕێکارەکانی دابەشکردنی زەوییەکان خێراتر بکرێن.
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندیی لەسەر كۆنووسێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەدات و جەخت لەسەر خێراتركردنی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەر دەكاتەوە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش داوا له شارەوانییەكان دهكات ڕێكارەكانی دابەشكردنی زەوی خێراتر بكەن.
یەكشەممە 28ـی تەممووزی 2024، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەمەبەستی خێراكردنی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی، چوارەمین كۆبوونەوەی لەگەڵ ڕاوێژكاران، بەڕێوەبەرانی گشتی لە وەزارەت و سەرجەم بەڕێوەبەرانی گشتی شارەوانییەكان و سەرۆكی شارەوانییەكان و بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان کرد.
كۆبوونەوەكە بۆ خێراتركردنی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی و ئاشناكردنی شارەوانییەكان بوو بە خاڵەكانی كۆنووسێكی پەسەندكراو كە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی لەسەر دراوە بۆ خێراتركردنی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی و پێدانی دەسەڵات بە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ئەوەی بەخێرایی زەوی بۆ فەرمانبەران دابین بكرێت و لەو شوێنانەی گرفت لەبەردەم پرۆسەكە دروست دەبێت، بەزوویی چارەسەریان بكەن.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەو كۆبوونەوەیەدا ڕایگەیاند: لەمڕۆوە سەرجەم شارەوانییەكان و نەخشەدانانی ئاوەدانی پێویستە بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ پارێزگاكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی كشتوكاڵ و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی سنوورەكانیان، كار بۆ خێراتركردنی پرۆسەی دابەشكردنی بكەن، گوتیشی: ئەو كێشانەی دێنە بەردەم پرۆسەكە لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتانەی بە شارەوانییەكان دراوە چارەسەری بكەن.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وێڕای جەختكردنەوە لەسەر خێراكردنی پرۆسەكە، هاوكات بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی لە كۆنووسە پەسەندكراوەكەدا پێی دراوە، ئەویش دەسەڵاتی بە شارەوانییەكان دا بۆ ئەوەی بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان كاری جدی بكەن وەكوو كوژاندنەوەی زەی و دانانی نەخشە و دیاریكردنی زەوی، هەروەها دابینكردنی فەرمانبەر و ئەندازیار بۆ ڕاییكردنی كارەكانی دابەشكردنی زەوی، هاوکات جەختی لەسەر قەرەبووكردنەوەی ئەو كەسانەش كردەوە كە زەوییەكانیان دەكەونە ناو ئەو زەویانەی دابەش دەكرێن.