پۆلیسی هەولێر چوارکەس بە تۆمەتی دزیی لە کۆمپانیایەکی پەیوەندی دەستگیر دەکات
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر چوار کەس بە تۆمەتی دزینی کێبڵی کۆمپانیایەکی پەیوەندی و هێلی ئینتەرنێت لە هەولێر دەستگیر دەکات.
بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر چوار کەسی دەستگیرکردووە کە دزیان لە کۆمپانیایەکی پەیوەندی و هێڵەکانی ئینتەرنێت کردووە و کێبڵیان لێکردووەتەوەو فرۆشتوویانەتەوە، هەر چواریان ساڵانێکە کارمەندی ئەو کۆمپانیایەن و کاتژمێر چواری بەرەبەیان بە دووجار کردەوەکەیان ئەنجامداوە و سەرجەم کێبڵەکانیان فرۆشتووە لەبەرامبەر شەش ملیۆن دینار، دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیسی هەولێر دەستبەجێ دەستگیرکراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.
دزەکان تەمەنیان سەرووی 30ساڵە و هەرچواریان کارمەندی هەمان کۆمپانیان کە دزیان لێی کردووە، لە کاتێکدا ماوەی هەشت ساڵە کارمەندی ئەو کۆمپانیایەبوون.
جلی کارگوزاری چاککردنەوەیان لەبەر کردووە بۆ ئەوەی گومانیان لێ نەکرێت، نزیکەی 400 مەتر کێبڵیان دزیوە.
یەک لە تۆمەتبارەکان دان بەوە دادەنێت کە زیاتر لە هەشت ساڵە کار لەو کۆمپانیایە دەکات، دەڵێت: بەو گرووپەم گووت ئەو کارە دەکەین، نەیانزانی کاری دزیە، کێبڵەکانمان دەرهێنا و فرۆشتم و پەشیمانم.
کارزان ساڵح، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتی: دوای سکاڵای کۆمپانیایەکی گەیاندن لە شاری هەولێر لەسەر حاڵەتێکی دزیکردن، تیمەکانی پۆلیسی هەولێر دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد، زانرا کە دزیەکە لەلایەن چوار کەس ئەنجامدراوە کارمەندی هەمان کۆمپانیا بوونە، شوێنیان دەست نیشانکرا و بە بڕیاڕی دادوەری لێکۆڵینەوە بەپێی ماددەی 443ی دزیکردن دەستگیرکراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.