جەبار یاوەر: بە بیانووی جیاواز دەستبەکاربوونی دوو لیوا هاوبەشەکە دواخراوە

جەبار یاوەر، شارەزای سەربازیی
جەبار یاوەر، شارەزای سەربازیی

K24 – هەولێر:

شارەزایەکی سەربازیی، ئاماژەی بەوە کرد، داعش بە تەواوی لەناو نەچووە، بەڵام ئێستە لە ڕووی توانای چەکدارییەوە زۆر لاوازە. لەبارەی دەسبەرکارنەبوونی دوو لیوا هاوبەشەکەش گوتی: بە بیانووی جیاواز دەستبەکاربوونی دوو لیوا هاوبەشەکە دواخراوە.

جەبار یاوەر، شارەزای سەربازیی، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا، گوتی: داعش تاوەکو ئێستە بە تەواوی لەناو نەبراوە و، بەڵام لە ڕووی توانای چەکداری زۆر لاواز بووە و هیچ ناوچەیەکی لەژێر دەستدا نییە و سەرچاوە داراییەکانیشی وشک کراوە و، هەندێک جار لە ڕێگەی گرووپی بچووک کردەوەی تیرۆریستی دەکەن.

ئەو شارەزا سەربازییە هێمای بۆ ئەوە کرد: تا ئێستە هیچ دامودەزگاییەکی ئەمنیی لە عێراق، لەبارەی ئازادکردنی ئەو ژمارە داعشەی کە هەسەدە ئازادی کردوون ڕوونکردنەوەیان نەداوە.

لەبارەی بڕیاری دروستکردنی دوو لیوای هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، ناوبراو گوتی: لە کابینەکەی مستەفا کازمی فەرمانی درووستکردنی ئەو دوو لیوا هاوبەشە دەرچووە، لە کابینەکەی سوودانیش بڕیار دراوە کە کاری پێویست بکرێت بۆ دروستکردنی ئەم دوو لیوایە، بەڵام دواخستنی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە تا ئێستە جێگەی پرسیارە.

جەختی لەوەش کردەوە، بودجەیەکی تایبەت بۆ دروستکردنی دوو لیواکە دانراوە، بەڵام ئێستە بیانووی ئەوەیان هەیە کە بارەگای لیوا و فەوجەکان لە ناوچەکانی بۆشایی نێوان هێلی دابەشبوونی سوپای عێراقی و هێلی دابەشبوونی هێزەکانی پێشمەرگە لە خانەقینەوە تا ناوچەکانی سحێلا جارێ دروست نەکراوە.

جەبار یاوەر، گوتیشی: دوو لیواکە مەشقیشیان لە وەزارەتی بەرگریی عێراق پێ کراوە، بودجەشیان بۆ تەرخان کراوە بەڵام تا ئێستە بە بیانووی جیاواز ئەم پرسە دواخراوە.

Fly Erbil Advertisment