گەنجانی زیقار دژی زۆری ژمارەی کرێکاری بیانی و بێکاری خۆپیشاندان دەکەن
K24 – ناسرییە:
گەنجانی پارێزگای زیقار لەتاو بێکاریی و دانەمەزراندن خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، گەنجانی زیقار دەڵێن، شارەکەیان پڕە لە کرێکاری بیانی، بەڵام کار بۆ ئەمان نییە و هەموو دەرگاکان بەروویاندا داخراون.
28ـی تەمموزی 2024، ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی دانیشتووی پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق خۆپیشداندانێکیان ڕێکخست و ئاماژەی بەوەکرد: حکوومەت لەدوای حکوومەت هەمان بەڵێنیان پێدەدەن، بەبێ ئەوەی هیچ داوکارییەکیان جێبەجێ بکەن.
یەکێک لە خۆپیشاندەران بۆ کوردستان24 گوتی: "ئێمە نەوەی پارێزگای زیقاری بریندارین. ئەمڕۆ هاتووین داوای سادەترین مافی خۆمان دەکەین، ئێمە نەوەی ساڵانی نەوەدەکانین. لە سەردەمی حکوومەتەکانی پێشووەوە هیچ خێروبێرێکمان نەدیوە، بەتایبەتی لەبواری دامەزراندن. داوای مافەکانی خۆمان دەکەین جا لەکەرتی تایبەت بێت یاخود گشتی".
گەنجێکی دیکەی پارێزگاکە گوتی: "یەکەم شت، نەدامەزراندن، نەمووچە نامانگرێتەوە. بێکارین دەمەوێت بزانم بۆ دۆخمان وایە، هۆکارەکەی حکوومەتە، حکوومەتی خۆجێی ستەم لە گەنجانی ناسرییە دەکات. بیانییەکان دێنن پارەیەکی باشیان دەدەنێ و گەنجانی خۆمان بێکارن بۆ؟ هۆکار چییە؟ ئایا مێشکیان تەواو نییە یان کێشەمان چییە با پێمان بڵێن".
لەبارەی دۆخی خراپی گوزەرانیان گەنجێکی دیکەی زیقار ئاماژەی بەوەکرد: "هیچمان نییە، چاودێریی کۆمەڵایەتیش نامانگرێتەوە، ئەو 175 هەزارەش نامانگرێتەوە، داوا لە حکوومەتی خۆجێی و فیدراڵی دەکەین کەمێک گرنگی بە گەنجی خۆمان بدەن".
هاوکات گەنجێکی دیکەی خۆپیشاندەر گوتی: "ئێمە وەکو جیلی نەودەکان. هیچ جێگەیەک نامانگرێتە خۆی، دامەزراندن نییە تەنانەت لە کەرتی سەربازیش داماننامەزرێنن، تەنها لەکاتی هەڵبژاردن ئێمەیان بەبیردێتەوە. منیش مرۆڤم و مافی ژیانێکی باشم هەیە، بژێوی هەشت ئەندامی خێزانەکەم لەسەر منە".