دامەزراوەی ئەتلەنتیکی ئەمەریکا پشتیوانی کەرتی کشتوکاڵی کوردستان دەکات
دامەزراوەی ئەتلەنتیکی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پشتیوانی خۆیان بۆ پێشخستنی سێکتەری کشتوکاڵی و ئاو لە هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
لە واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، شاندی هەرێمی کوردستان و سەرۆک و ستافی دامەزراوەی ئەتلەنتیکی ئەمریکی کۆبوونەوە.
یەکشەممە 28ـی تەممووزی 2024، وەزارەتی کشتوکاڵ بڵاوی کردەوە، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە بێگەرد تاڵەبانی سەرۆکایەتی دەکات، لەگەڵ دامەزراوەی ئەتلەنتیکی ئەمەریکا لە واشنتنی پایتەخت کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، جەختکرایە سەر هەماهەنگی و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان و پاڵپشتی زیاتری پلان و بەرنامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێشخستنی سێکتەری کشتوکاڵی و ئاو و پەرەپێدانی تواناکانی ئافرەتان و بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک و زیاکردنی داهاتی جووتیاران، هەروەها کەمکردنەوەی کاریگەری گۆڕانکاریەکانی کەش و هەوا لەسەر کشتوکاڵ و ژینگە و خاکی هەرێمی کوردستان.
شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای کرد، دامەزراوەی ئەتلەنتیک ڕۆڵێکی کارا و گرنگیان هەبێ لە کۆکردنەوەی پاڵپشتیە دارایی و تەکنیکیە نێودەوڵەتییەکان و حکوومەتی ئەمەریکا بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کار و ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری، هاوکات بەپیشەسازیکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکان و فراوانکردن و دابینکردنی خزمەتگوزاریی کشتوکاڵی بۆ بەهێزکردنی دەستی کاری ئافرەتان و دەرچووانی بەشە کشتوکاڵییەکان و جووتیاران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان .
سەرۆکی دامەزراوەی ئەتلەنتیک لەلایەن خۆیانەوە دووپاتی هەماهەنگی و پاڵپشتیکردنی ڕاستەوخۆی هەرێمی کوردستان و جێکردنەوەی بەشێکی زۆری پێشنیاز و داواکارییەکانی شاندەکەیاندا لە داهاتوودا کە لە میانی دیدارەکە پێشکەشیانکرا، لە چوارچێوەی پڕۆژە و پڕۆگرامەکانی گەشەپێدانی دامەزراوەکەیان لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستاندا.
دامەزراوەی ئەتلەنتیکی ئەمەریکا، یەکێکە لە دامەزراوە گرنگ و پر بایەخەکان لەسەر ئاستی ئەمەریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوچەکە، کاری توێژینەوە و ڕێکخستنی دیدارە گرنگەکان و بڵاوکراوە و زانیارییە گرنگەکان دەربارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی گشتی ئەنجام دەدات.