وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی 16 چەکداری پەکەکە و یەپەگەی ڕاگەیاند

K24 – هەولێر:
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ڕاگەیاند: 16 چەکداری پەکەکە و یەپەگە لە سنووری هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان کوژراون.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیوویەتی: 16 چەکداری پەکەکە و یەپەگە لە سنووری هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان کوژراون.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە 11 چەکداری پەکەکە لە چیاکانی ئاسۆس، خواکوڕک و گارە، 5 چەکداری یەپەگەش لە ئۆپەراسیۆنەکانی قەڵغانی فورات لە ڕۆژئاوای کوردستان کوژراون.
ڕۆژی شەممە 27ـی تەمووزی 2024 وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد: لە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییدا فڕۆکە جەنگییەکانیان توانیویانە 25 شوێن و حەشارگەی چەکدارانی پەکەکە وێران بکەن.
زیاتر ڕوونی کردووەتەوە، هێرشەکان لە سنووری هەرسێ پارێزگای دهۆک، هەولێر و سلێمانی ناوچە شاخاوییەکانی گارا، قەندیل و ئاسۆسیان بۆمبباران کردووە لە نێویاندا ئەشکەوت، حەشارگە، کۆگا و ئەو شوێنی مانەوەی فەرماندەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان هەبوون.
هەروەها ئاماژەی داوە "هێرشەکان بە وردییەوە کراون و هەموو ڕێکارێک بۆ پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل، ناوچەکانی نیشتەجێبوون، شوێنەوارە مێژوویی و فەرهەنگییەکان لەبەرچاو گیراون".
هەروەها ڕێکخراوی ئاشتیی جیهانی، ئەمەریکایی بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەیە کەمتر لە مانگێکدا لە سنووری پارێزگای دهۆک بەهۆی شەڕی چەکدارانی پەکەکە و سوپای تورکیا 182 خێزان لە گوندنشینانی نزیک ناوچەکانی شەڕ ئاوارەبوون و 602 گوندیش لەبەردەم هەڕەشەی چۆڵکردندان.