سەرکردەیەکی سوننەکان هۆشداری دەداتە چوارچێوەی هەماهەنگی

هۆڵی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق
هۆڵی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق

سەرکردەیەکی هاوپەیمانیی عەزم ڕەخنە لە هێزە شیعەکان دەگرێت، بە تایبەتیش هۆشداری دەداتە چوارچیوەی هەماهەنگی و  بە ڕێگری و تەگەرە خستنە بەردەم هەنگاوەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق تۆمەتباریان دەکات.

حەیدەر مەلا، سەرکردە لە هاوپەیمانیی عەزم لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: تاوەکوو ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان نییە، بەڵام پێویستە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان چیتر بەربەست بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دروست نەکات.

بە گوتەی ئەم سەرکردەیەی سوننەکان، دوای لادانی سەرۆکی پەرلەمان لە پۆستەکەی، هیچ ڕێککەوتنێک نەبووە بۆ بە یەکەوە بەستنەوەی کۆبوونەوەی پەسەندکردنی یاساکان لەگەڵ دانانی کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان.

هەروەها ئاماژەی داوە "باسی ڕێککەوتن و کۆدەنگی سوننە و سوننە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، ئەمەش ڕێگرییەکی دیکەیە بۆ یەکلا نەبوونەوەی پۆستەکە، چونکە بە درێژایی پرۆسەی سیاسیی لە عێراق هیچ کۆدەنگییەک و ڕێککەوتنێک نەبووە بۆ هەڵبژاردنی هیچ یەکێک لە سێ سەرۆکایەتییەکە".

حەیدەر مەلا دەڵێت: دەکرێت ڕای زۆرینە گەڵاڵە بێت، بەڵام ڕێککەوتنێکی گشتگیر بە دەست نایەت، هەربۆیە دەبێت زۆرینە لە بەرچاو بگیرێت، وەک ئەوەی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەدا هەیە، چونکە هەمووان لەسەر یەک کەسایەتیی ڕێک ناکەون و ناشبێت.

سەرکردەکەی عەزم گوتیشی: ڕەنگە سەرۆکی پەرلەمان بە زۆرینە و کەمینە لەناو پەرلەمان یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام پێویستە لایەنە شیعەکان ئەوە بزانن هێشتنەوەی پرسی سەرۆکی پەرلەمان بەم شێوەیە زیان بە خۆیان دەگەیەنێت، بەتایبەت کە لەبەردەم هەڵبژاردنی داهاتووداین، هەمووان دەزانن کە نێو ماڵی شیعەش بە دەست ناکۆکییەوە گیرۆدە بووە، هەربۆیە ئەوانەی داوای ڕێککەوتنی هەموو تەواوی سوننەکان دەکەن، دەبێت بزانن کە ڕێگرییەکانیان لە کۆتاییدا دۆخەکە پێچەوانە دەکاتەوە و کاریگەری بەسەر کۆی پرۆسەی سیاسییدا دەبێت.

لەوەتەی دادگای فیدراڵیی لە 14ـی تشرینی دووەمی 2023 بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامییەتی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق داوە، لەو ساتەوە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە بەرکەوتەی پێکهاتەی سوننەکانە، لەلایەن جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانەوە کە شیعەیە، بەڕێوە دەبرێت و دوای چەند کۆبوونەوەیەک هێشتا نەتوانراوە ئەو پۆستە یەکلا بکرێتەوە.