ئەمەریکا و حزبوڵلای عێراق هۆشداری دەدەنە ئیسرائیل

ئیدارەی ئەمەریکا و حزبوڵلای عێراق کە گرووپێکی نێو بەرەی موقاوەمەی بەناو ئیسلامییە بە جیا، هۆشداری دەدەنە ئیسرائیل کە بەرەی شەڕ لە بەرانبەر لوبنان فراوانتر نەکات.
لە دوای هێرشەکەی سەر ئاوایی مەجدەل شەمس، لە سنووری جۆلان و کوژرانی 12 ئیسرائیلی، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا بۆ دەربڕینی هاوخەمی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە و داوای لێ کردووە، خۆی لە هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر بەیرووتی پایتەختی لوبنان بەدوور بگرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، پلانێکی فراوانیان ئامادە کردووە بۆ وەڵامدانەوەی حزبوڵلای لوبنانی.
هەروەها پێگەی هەواڵی ئاکسیۆسی ئەمەریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی واشنتن بڵاوی کردووەتەوە، جۆو بایدن بڕوای وایە، ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرپەرچی هێرشەکەی سەر مەجدەل شەمس بداتەوە، بەڵام لەم دۆخەدا نابێت بەرەی شەڕ فراوانتر بکات.
هەر لە بارەی هێرشەکەی سەر ناوچەی مەجدەل شەمس لە بەرزاییەکانی جۆلان و سنووری ئیسرائیل، وەزارەتی دەرەوەی سووریا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە بەوەی شاری مەجدەل شەمس، بەشێکە لە خاکی سووریا و لە ساڵی 1967ـەوە لەلایەن ئیسرائیل داگیرکراوە، ئەو هێرشەشی کراوەتە سەر شارەکە هەر لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بووە و تەنیا مەبەستی لێی فراوانکردنی شەڕە و بۆ ئەمەش حزبوڵای تۆمەتبار کردووە.
لەلایەکی دیکەوە جەعفەر حسێنی، گوتەبێژی کەتیبەکانی حزبوڵای عێراقی ڕایگەیاندووە، کردنەوەی بەرەیەکی دیکەی شەڕ دژی یەکێکی دیکە لەهێزەکانی بەرەی مقاوەمە لەلایەن ئیسرائیلەوە بە زیان هەم بۆ خۆی و هەم بۆ ئەمەریکاش دەشکێتەوە.
گوتەبێژی کەتیبەکانی حزبوڵلای عێراقی ئاماژەی بەوەش داوە، ئیسرائیل باش دەزانێت ئەگەر شەڕی فراوان دژی حزبوڵلای لوبنانی هەڵگیرسێنێت، چی ڕوو دەدات، گومانی تێدانییە هێزەکانی دیکەی بەرەی مقاوەمە بێدەنگ و دەستەوەستان نابن.