پەرلەمانی عێراق لێکۆڵینەوە لە گرێبەستەکانی حکوومەت دەکات

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

لیژنەی دەستپاكیی پەرلەمانی عێراق بەدواداچوون و لێپرسینەوە لەو بەرپرسانەی حكوومەت دەکات کە تۆمەتی گەندەڵییان رووبەڕوو کراوتەوە.

لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق بەدواداچوون و چاودێریی لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمانی بۆ سەرجەم ئەو گرێبەستانەی کە وەزارەتەکان کردوویانن، سەلماندووە.

غەریب عەسكەر، ئەندامی لیژنەی دەسپاكیی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند "لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمان بەدواداچوون و چاودێریی سەرجەم ئەو گرێبەستانە دەکەن کە وەزارەتەکان و سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەت دەیانکەن. ئاماژەی بەوەش كرد، گرێبەستەكان هەر تێبینییەک یان گومانێکی هەبێت، لایەنی بەرپرس لەو گرێبەستانە میوانداری دەکرێن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو گرێبەستانە".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دەسپاكیی پەرلەمان، ڕوونیشی كردەوە، پەرلەمان دەزگای چاودێریی کارەکانی سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەتە، مافی ئەوەی هەیە پێداچوونەوە بە وردەکاری هەر گرێبەستێکدا بکات کە لەلایەن هەر وەزارەتێکەوە کرابێت، یان هەر ڕێککەوتنێک کە حکوومەت لەگەڵ هەر وڵاتێکی بیانی ئیمزا بکات.

غەریب عەسكەر، جەختیشی كردەوە "بەدواداچوون و چاودێریی لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمان، ڕۆلێكی بەرچاوی ھەبووە لە  کەمکردنەوەی گەندەڵی و ڕێگریی لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی".

دەستەی دەستپاكی عێراق، لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا، توانی تۆڕێک هەڵبوەشێنێتەوە کە پێک هاتبوو لە بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتەکانی داد، بازرگانی، کارەبا، ناوخۆ، بەرگری، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، کە خەریکی ساختەکردنی گرێبەست، فرۆشتن و بەكرێدانی پارچە زەوییەكانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی بوون.