کیم جون ئون سەرپەرشتیی هەڵمەتی ڕزگارکردنی هاووڵاتییانی دەکات
![کیم جۆن ئون سەرۆکی کۆریای باکوور (وێنە - AFP)](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/images/Jul-2024/17222405271.jpg)
بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانەی باکووری ڕۆژئاوای کۆریای باکووری گرتووەتەوە، لافاو چەندین ناوچەیەکی داپۆشیوە و تیمەکانی فریاگوزاریش نزیکەی پێنج هەزار کەسیان لە مەترسی ڕزگار کردووە، کیم جۆن ئون سەرۆکی کۆریای باکوور، خۆی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی تیمەکان دەکات.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی کۆریای باکوور بڵاوی کردووەتەوە "ئەو شەپۆلە بارانەی شەممە دایکردووە، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ڕووبارێکی سنووری نێوان کۆریای باکوور - چین و بەهۆیەوە لافاو هەستاوە و دۆخێکی مەترسیداری دروستکردووە".
حکوومەتی کۆریای باکوور بە 10 هێلیکۆپتەری سەربازی و چەندان بەلەمەوە پرۆسەی چۆڵکردن و ڕاگواستنی دانیشتووانی شاری سێنوێجۆ و شارۆچکەی ئۆریجۆیان دەست پێ کردووە. تاوەکوو ئێستا حکوومەتی پیونگ یانگ قەبارەی زیانەکانی بڵاو نەکردووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، تیمەکانی فریاگوزاری لە ڕێگەی ئاسمان و ئاوییەوە پێنج هەزار کەسیان ڕزگار کردووە کە ڕاستەوخۆ کیم جون ئون سەرۆکی کۆریای باکوور سەرپەشتی پرۆسەکە دەکات و فەرمانی داوە خواردن و پێداویستی بەسەر هەموو زیانمەندان دابەش بکرێت.