دابەشکردنی فۆرمی وەرگرتنی زەوی بەسەر خانەنشیناندا دەستیپێکرد

کاتژمێر 09:00ـی ئەمڕۆ دووشەممە، 29-07-2024، پرۆسەی دابەشکردنی فۆرمی وەرگرتنی زەوی بەسەر خانەنشینانی هەرێمی کوردستاندا دەستیپێکرد و بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت.

بە گوێرەی ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەرگرتنی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی لە ڕێگەی ئەو بانکانەوە دەبێت کە مووچەی خانەنشینی لێ دابەش دەکرێت، بەپێی ئەم مەرج و ڕێنماییانە:

1. تەنها ئەو خانەنشینانە دەتوانن فۆڕمەکان وەربگرن کە لە ژیاندا ماون.

2. ئەو خانەنشینانەی فۆڕم پڕ دەکەنەوە نابێت پێشتر بەهیچ جۆرێک سوودمەند بووبن لە وەرگرتنی زەوی.  

3. پێویستە فەرمانبەری خانەنشینکراو فۆڕمەکان لە ڕێگای فەرمانگەی خانەنشینی پەیوەندیدار لە شارو شارۆچکەکان بگەڕێنێتەوە.

4. نابێت فەرمانبەری خانەنشینکراو پێشتر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بووبێت.

پێدوایستییەکانی پڕکردنەوەی فۆرمی وەگرتنی زەوی:

1. دوو وێنەی فەرمانبەر

2. کارتی نیشتمانی

3. کارتی زانیاری

4. ناسنامەی خانەنشینی

5. فۆرمی خۆراک

ئەو زانیارییانەی پێویستە لە فۆرمی وەگرتنی زەویدا پڕ بکرێنەوە:

- ناوی چواری فەرمانبەر

- ناوی چواری دایکی فەرمانبەر

- شوێنی نیشتەجێبوونی فەرمانبەر

- شوێنی لەدایکبوونی فەرمانبەر

- باری خێزانیی فەرمانبەر

- ژمارەی ئەندامانی خێزانی فەرمانبەر

- ژمارەی ساڵەکانی راژە

- ناوی هاوژین و منداڵەکانی فەرمانبەر

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر بڵاوی کردبووەوە، رووبەری ئەو زەوییەی بە هەر فەرمانبەرێک دەدرێت لە 200 مەتر دووجا کەمتر نابێت و بە تیروپشک دەبێت؛ ئەم سێ خاڵەش ڕەچاو دەکرێن، ساڵانی خزمەت، ژمارەی ئەندامانی خێزان و شوێنی لەدایکبوون.

بە گوێرەی ئامارەکان، 60 هەزار فەرمانبەر لە سنووری پارێزگای سلێمانی خانەنشین بوون و نزیکەی 30 هەزاریان دەتوانن فۆرمی وەرگرتنی زەوی پڕ بکەنەوە، بەو پێیەی ئەوانەی دیکە بەشێکیان مردوون و بەشێکی دیکەشیان پێشتر زەوییان وەرگرتووە.

ڕۆژی (27ـی ئاداری 2024) ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان دەرکرد، یەکێک لە بڕیارەکان ڕاسپاردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بوو بۆ تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانی تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبوون.