حەفتەمین تووشبووی ئایدز چارە کرا

پیاوێکی ئەڵمانی تەمەن 60 ساڵ، دوای چاندنی خانە بنەڕەتییەکان، بووە حەوتەمین کەس کە لە ئایدز چارە دەکرێت. ئەمەش پێشهاتێکی بەرچاوە لە بەرەنگاربوونەوەی ئایدز.
ئەم پێشهاتە، کە لەلایەن گۆڤاری سروشت (Nature.com)ەوە لە 26ی تەمموزدا ڕاپۆرت کرا و لەلایەن سمریتی مالاپاتیەوە نووسراوە، بزاوتێکی خستۆتە نێو کۆمەڵگەی زانستی و هیوایەکی نوێی بۆ تووشبووانی ئەیدز، گەڕاندۆتەوە.
نەخۆشەکە، لە ساڵی 2009 تووشی ڤایرۆسی ئایدز بووە و لە ساڵی 2015دا بەهۆی شێرپەنجەی خوێنی مایلۆیدەوە چاندنی خانە بنەڕەتییەکانی بۆ کراوە. ئەو خانە بنەڕەتیانەی وەرگیراون بە تەواوی بەرگریان نەبووە بەرامبەر بە ڤایرۆسی ئایدز، ئەمەش جیاواز بوو لە حاڵەتەکانی پێشوو.
ئەو کەسەی مۆخی ئێسکی بەخشیوە جینێکی هەبووە کە کەمتر کاریگەرە لە ڕێگریی لە ئایدز. بەڵام وەرگرەکە نزیکەی شەش ساڵە ڤایرۆسی ئایدزی لە خوێندا نەماوەتەوە، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخەکە زۆر سەرنجڕاکێشە.
ڕاڤیندرا گوپتا، زانای مایکرۆبایۆلۆجی لە زانکۆی کامبریج ڕایگەیاند، سەری سوڕماوە لەوەی چارەکردنەکە کاریگەریی هەبووە و بە دەستکەوتێکی گەورە ناوی بردووە. پێشتر تیمێک بە سەرۆکایەتی گوپتا بە سەرکەوتوویی چارەی نەخۆشێکی دیکەی ڤایرۆسی ئایدزیان کردبوو.
تیمۆسی ڕەی براون، ناسراو بە "نەخۆشەکەی بەرلین"، یەکەم کەس بوو کە دوای چاندنی مۆخی ئێسک بۆ چارەکردنی شێرپەنجەی خوێن، وەک چارەسەرکراوی ئایدز تۆمار کرا.
چاکبوونەوەی "نەخۆشەکەی بەرلین" لەگەڵ ئەوانی دیکە کە خانە بنەڕەتییەکانی بەخشەریان وەرگرتووە و گۆڕان لە جینی CCR5دا هەبووە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بە ئامانجگرتنی ئەم جینە بۆ چارەکردنی HIV زۆر گرنگە.
بەڵام حاڵەتە نوێیەکە تەحەددای ئەم تێڕوانینە دەکات. نەخۆشەکە کە ئێستا بە "دوایین نەخۆشی بەرلین" ناودەبرێت، خانە بنەڕەتییەکانی لە بەخشەرێک وەرگرتووە کە تەنها یەک کۆپی جینی گۆڕاوی CCR5ی هەبووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە چارەکردنی HIV ڕەنگە تەنها پشت بەم گۆڕانە نەبەستێت.
شارۆن لوین، پزیشکی نەخۆشییە گوازراوەکان و سەرۆکی پەیمانگای پیتەر دۆهێرتی بۆ هەوکردن و بەرگری، لە مێلبۆرن لە ئوسترالیا، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم حاڵەتە توانای دۆزینەوەی چارەی فراوانتر دەکات: “هەموو شتێک پەیوەندی بە CCR5 نییە”. ئەم دۆزینەوە دەتوانێت گروپی بەخشەرەکان بۆ چاندنی خانە بنەڕەتییەکان فراوانتر بکات، ڕێکارێک کە بە شێوەیەکی گشتی تایبەتە بەو کەسانەی کە شێرپەنجەی خوێنیان هەیە بەهۆی مەترسییەکانیەوە.
لەسەر ئاستی جیهان نزیکەی 40 ملیۆن کەس تووشبووی نەخۆشی ئایدزن و لەگەلی دەژین. توانای چارەکردنی "دوایین نەخۆشی بەرلین" بە بەخشەرێک کە تەنها یەک کۆپی گۆڕانی CCR5ی هەبێت هیوایەکی نوێ دەبەخشێت.
سارا وایبێل، پزیشک و زانا لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە سان دیێگۆ دەڵێت: "ئەمە ئاسۆی دەرفەتەکانمان فراوانتر دەکات".
دوای چاندنی خانە بنەڕەتییەکان لە ساڵی 2015، لە ماوەی مانگێکدا خانە بنەڕەتییەکانی مۆخی ئێسک و خانەکانی نەخۆشەکە لەگەڵ ئەو خانە بنەڕەتییەکانەی کە لە بەخشەرەکە وەریگرتبوو گۆڕدرا. نەخۆشەکە لە ساڵی 2018دا وازی لە خواردنی دەرمانی دژە ڕێترۆڤایرۆس هێناوە و لەو کاتەوە هیچ نیشانە و بەڵگەیەکی ئایدز لە جەستەیدا دەستنیشان نەکراوە.