هێرشەکەی ئیسرائیل زیانی 20 ملیۆن دۆلاری بە بەندەری حودەیدەی یەمەن گەیاندووە

بەرپرسێکی یەمەنی زیانە ماددییەکانی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر لە بەندەری حودەیدە ئاشکرا کردووە و دەڵێت: نزیکەی 20 ملیۆن دۆلار دەبێت.
ئاژانسی فرانس، لە زاری ناسر ناسری، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای بەندەری دەریای سوور، بڵاوی کردووەتەوە "زیانی ماددییەکانی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بەندەری حودەیدە لە ڕۆژئاوای یەمەن نزیکەی 20 ملیۆن دۆلار بووە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو زیانانەی بەر کۆگاکانی نەوتی عەمبارکراوی بەندەرەکە".
یەک ڕۆژ دوای هێرشە درۆنییەکەی حووسییەکان بۆ سەر شاری تەلئەڤیڤ، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە 20 ی ئەم مانگە هێرشیان کردە سەر بەندەری حودەیدە کە لە ژێر دەسەڵات و کۆنترۆڵکی حوسییەکاندایە، ئەمەش یەکەم جارە ئیسرائیل بەرپرسیارێتی هێرشێکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر یەمەن ڕابگەیەنێت.
مێدیاکانی سەر بە حووسییەکان ئاماژەیان داوە "بەندەری حودەیدە جیا لەوەی بەندەرێکی ستراتیجیی ئابووری بوو، سەرچاوەیەکی سەرەکی هاوردەکردنی سووتەمەنی و گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بوو بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەنساروڵلا".