لاهور شێخ جەنگی: دەبێت داواکاری گشتی بێتە دەنگ لەسەر کوشتن و دەستگیرکردنی خەڵک لەلایەن هێزی کۆماندۆوە

لاهور شێخ جەنگی
لاهور شێخ جەنگی

K24 – هەولێر:

سەرۆکی بەرەی گەل لە سلێمانی جارێکی دیکە لەسەر ئەمنی پارێزگای سلێمانی هاتە دەنگ و ڕایگەیاند: ئەوەی لە سلێمانی دەگوزەرێت جێگەی قبووڵ کردن نییە و بەهۆی ئەو دۆخەی لە سلێمانی دروستیان کردووە، زۆربەی وەبەرهێنەرەکان چوونەتە بەغدا و دوبەی و شارەکانی دیکە.

ڕۆژی 29ـی تەمموزی 2024، لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل لە سلێمانی لە وەڵامی پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند: بێدەنگ بوونی تاوەکوو ئێستای لەوەی بەرامبەر خۆی کراوە، لەپێناو ئاشتی و ئاسایش بووە بەڵام ئەوەی ئێستا بەرامبەر خەڵکی هەژار دەکرێت جێگەی قبووڵ کردن نییە و دەبێت هەموومان قسە بکەین و بێدەنگ نەبین.

لاهور شێخ جەنگی گوتیشی: هێزی کۆماندۆ کە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە مافی ئەوەی نییە بەپێی یاسا خەڵک دەستگیر بکات، ئەمە کاری پۆلیس و ئاسایشە بەڵام نازانم داواکاری گشتی چۆن ئەمە قبووڵ دەکات کە ئەو هێزە بەبێ فەرمانی دادوەر بێت خەڵک دەستگیر بکات.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەکرد: "بافڵ تاڵەبانی بەپرسیاری یەکەمە، جلێکی کۆماندۆی لەبەرکردووە، نە سەربازە، نە پلەیەکی سەربازیی هەیە نە پۆستێکی هەیە لە حکوومەت، ڕۆژانە دێت لەسەر دەبابە وێنە دەگرێت وادەزانێت پلەی ستەیشنە".

لەبارەی دۆخی شاری سلێمانی، لاهور شێخ جەنگی باسی لە بێزاریی هاووڵاتییان کرد و ئاشکرای کرد: بەرگی پرتەقاڵییان لە بەری 45 وەبەرهێنی شارەکە کردووە بۆیە ئێستا زۆربەی وەبەرهێنەرەکانی سلێمانی پارەکانیان بردووە و چوونە بۆ بەغدا و دوبەی و شارەکانی دیکە.

ڕۆژی 28ـی تەمموزی 2024، لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە سلێمانی لە لێدوانێکیدا بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاند: کاری ئاسایش و پۆلیسە خەڵک دەستگیر بکات بە بڕیاری دادوەر و بە هیچ شێوەیەک هێزەکانی پێشمەرگە و کۆماندۆ مافی ئەوەیان نییە هەڕەشە لە خەڵک بکەن و بە چەکەوە بێنە ناو شار و خەڵک دەستگیر بکەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، شەوی 27ی تەمموزی 2024، لە گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی گەنجێک بەناوی ئاری کە پیشەی چایچییە، کوژرا و ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیەنداوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: "پاش ئەوەی ئەمشەو لە گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان دوو هاوڵاتی دروست دەبێت، بەداخەوە دەبێتە هۆی گیان سپاردنی کەسێک، ڕاستەوخۆ هێزەکانی ئاسایش گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و تۆمەتباری ڕووداوەکە و کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆ بەتۆمەتی هاوکاریی بکوژەکە دەستگیر دەکەن".

پێشتریش لە 16ـی تەمموزی 2024، پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند: دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە گەڕەكی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی دەنگی تەقە بیسترا و مێردمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵان لە گەڕەكی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی گیانی لەدەستدا، تۆمەتبارێك دەستگیركرا کە كارمەندە لە فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆ و ڕادەستی هێزەكانی پۆلیس كرا.

ڕۆژی 28ـی تەمموزی 2024، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە: ئەرکی بنەڕەتی هێزە ئەمنییەکان بریتییە لە پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان و ناکرێت خۆیان بەشێک بن لە تاوانەکان و ناکرێت ئەوان شوێن و ئەرکی خۆیان بەکاربهێنن بۆ ئەنجامدانی تاوان و  هەڕەشە و کوشتن و لێدان.

لە پەیامەکەدا هاتووە: "لەکاتێکدا لە هەفتەی ڕابردوو ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان لە شاری سلێمانی خۆی کەسێکی کوشت و ئەمجارەش دووبارە ئەندامێکی هەمان ئەو هێزە ئەمنییە تۆمەتبارە بە کوشتنی هاووڵاتییەکی کاسبکار کە هەردوو حاڵەت جێگەی پرسیارە کە بەچەکی فەرمی ئەنجام دراوە".