کۆشکی سپی بۆ هاووڵاتییانی: ئەگەر ناتانەوێت  لوبنان جێبهێڵن خۆتان بۆ مانەوەی زۆر ئامادە بکەن

ژمارەیەک چەکداری حزبوڵڵای لوبنانی (وێنە: REUTERS/Ali Hashisho)
ژمارەیەک چەکداری حزبوڵڵای لوبنانی (وێنە: REUTERS/Ali Hashisho)

لە ئەگەری دەستپێکردنی شەڕێکی دیکەی هاوشێوەی غەززە لە لوبنان، کۆشکی سپی داوا لە هاووڵاتیانی دەکات لوبنان دەستبەجێ جێبهێڵن، ئەگەر ناشیانەوێت بەجێیبهێڵن، ئەوە خۆیان بۆ مانەوەیەکی درێژ ئامادە بکەن.

دووشەممە 29ـی تەممووزی 2024، کۆشکی سپی بڵاوی کردەوە، ئەو هێرشەی کرایە سەر مەجدەل شەمس نابێت ببێتە هۆی شەڕێکی گەورەتر، دەشڵێت:سیاسەتی ئەمەریکا سەبارەت بە جۆلان نەگۆڕاوە، ئاماژەی بەوەشکردووە کەکۆنتڕۆڵ کردنی جۆلان هێشتا بۆ ئاسایشی ئیسرائیڵ گرنگە.

لەلایەکی دیکەشەوە، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەیرووت داوای لە هاووڵاتییانی ئەمەریکا کرد دەستبەجێ لوبنان جێبهێڵن، ئەو هاووڵاتییانەشی نایانەوێت لوبنان جێبهێڵن، خۆیان بۆ مانەوە لەماوەیەکی زۆردا ئامادە بکەن.

لە گرژبوون و شێوانی بارودۆخی لوبنان لەئەگەری نزیکی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە،  ئەڵمانیا داوای لە هاووڵاتیانی کرد بەپەلە لوبنان جێبهێڵن، لەگەڵ ئەویشدا  ئیتاڵیا و هۆڵەندا و بەلجیکا داوایان لە هاووڵاتییانیان کرد لوبنان جێبهێڵن، سەرباری ئەوەی ئەمڕۆ ئوردن گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ بەیرووت ڕاگرت.

شەوی شەممە، 27-07-2028، مووشەکێک لە  کۆمەڵگەیەکی وەرزشی “مەجدەل شەمس”ی سەر بە جۆلانی باکووری ئیسرائیل کەوتە خوارەوە، بەهۆیەوە نزیکەی 10 کەس کوژران کە بەشێکیان منداڵ و مێردمنداڵن، نزیکەی 20 کەسی دیکەش بریندار بوون.

 دوا بە دوای هێرشەکە، بەرپرسانی ئیسرائیل پەنجەی تۆمەتیان بۆ حیزبوڵلای لوبنانی ڕاکێشا و بەڵێنیاندا باجەکەی قورس دەبێت. یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕێکارەکانی هێرشکردنە سەر حیزبوڵلای خستە ئامادەباشییەوە، ژمارەیەک پێگەی و کۆگەی چەکی حیزبوڵلاشیان لە باشووری لوبنان بۆردوومان کرد.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڕیاری دا بە هۆی هێرشەکەوە، سەردانەکەی بۆ ئەمریکا کۆتایی پێ بهێنێت و بە پەلە  بگەڕێتەوە ئیسرائیل. ناتانیاهۆ لە  پەیامێکیشدا گوتی، حیزبوڵلای لوبنانی بەرپرسیارە لە کۆمەڵکوژییەکەی “مەجدەل شەمس” و لێی بێدەنگ نابن.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "لە نێو کوژراوەکاندا منداڵانی بچووک هەن کە یاری تۆپی پێیان کردووە. دڵمان بە بینینی دیمەنەکان شکا. لەوکاتەوە ئاگادارکراومەتەوە بەردەوام لە  هەماهەنگی ئەمنیدا بووم. بڕیارم دا بگەڕێمەوە بۆ ئیسرائیل. هەر کە گەیشتمەوە کۆبوونەوەی حکوومەت لە سەر ئەم ڕووداوە دەکەین. دڵنیاتان دەکەمەوە ئیسرائیل لە سەر ئەمە بێدەنگ نابێت".

لای خۆیەوە دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل گوتی، هەرچەندە حیزبوڵلا بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕەت دەکاتەوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکانیان حیزبوڵلا کارەکەی کردووە و سوپاکەیان ئامادەکاریی بۆ وەڵامدانەوە دەکات.

Fly Erbil Advertisment