کوردستان24 دەچێتە باخچەی هەڵواسراوی سکون لە یەمەن
K24 – ئەیمەن قاید / یەمەن:
باخچەی هەڵواسراوی سکون لە باشووری پارێزگای تەعزی یەمەن یەکێکە لە ناوچە سەرنجڕاکێشەکانی ئەو وڵاتە، باخچەکە لەسەر شاخێکی سەرکەش دروستکراوە و بەردەوام کەشەکەی فێنکە. یەمەنییەکان شانازی پێوەدەکەن وەک هێمایەک بۆ توانای خۆگونجاندنیان لەگەڵ بەرزاییدا وەسفی دەکەن.
زۆرینەی خەڵک حەزیان بە ناوچەی بەرز نییە بۆ ژیان و نیشتەجێبوون، بەڵام لەهزری یەمەنییەکاندا بەرزاییەکان شوێنی گونجاون بۆ دروستکردنی باخچەی هەڵواسراو.
باخچەی سکون لە پارێزگای تەعزی یەمەن یەکێکە لە ناوچە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی وڵاتەکە. ڕوانگەیەکیشە بۆ ئەو گەشتیارانەی لە دەرەوەی پارێزگاکەوە دێن یاخوود ئەو کەسانەی حەزیان بەسەردانی بەرزایی هەیە.
مستەفا ئەحمەد، گەشتیارە و سەردانی باخچەی سکونی کردووە و بۆ کوردستان24 گوتی: دیمەنەکە زۆر سەرنجڕاکێشە، ئەم باخچەیە بۆ سەردانی گەشتیاران زۆر گونجاوە، جاری یەکەمە دێمە ئێرە، دیزاینەکەی ناوازەیە.
باخچەی سکونی گەشتیاری، دەکەوێتە شوێنێکی بەرز لەنێوان شاخەکانی نزیک تەربەی باشووری پارێزگای تەعز. باخچەکە دیمەنێکی نایابی بەخشیوەتە گوندەکانی دەوروبەری، هەروەها نەخشاندێکی تایبەتی ئەندازیاریی بۆ کراوە و زۆرینەی بەشەکانی لە خودی شاخەکە و دیزاینکردنی بەردەکانی شاخەکە پێکهاتووە.
زۆرینەی خەڵک بەدرێژایی وەرزی هاوین سەردانی ئەم باخچەیە دەکەن چونکە ناوچەکە پلەی گەرمییەکەی جێگیرە بە درێژایی ساڵ.
گەشتیارێکی دیکە بەناوی ئەنیس عەلی بۆ کوردستان24 باسی لەوەکرد: "ئێمە لەشاری عەدەنی کەناری دەریاوە هاتووینەتە ئێرە بەمەبەستی کات بەسەربردن. زۆر شتمان دەربارەی ئەم باخچەیەی بیستووە، کەشەکەی زۆری زۆر تایبەت و خۆشە".
سەردانیکەرانی باخچەی سکون چالاکی جۆراوجۆر ئەنجامدەدەن، بۆ دڵۆخشکردنی هاوڕێکان و خێزانەکانیان. لە باخچەکە شوێنی تایبەت بە پشوودان و یاریی منداڵان هەیە.
باخچەی سکون لە پارێزگای تەعز یەکێکە لە جادووی سرووشتی یەمەن، هەروەها ئاماژەیەکیشە بۆ توانای خۆگونجاندنی یەمەنییەکان لەگەڵ بەرزیی، شوێنەکە بووەتە جێگەی سەرنجی گەشتیار و هیوایەکیشە بۆ داهاتووی گەشتیاریی یەمەن.