سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار داوا دەکات شوێنە گەشتیارییەکان میوزیک و گۆرانیی کوردی پەخش بکەن
سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار داوا دەکات شوێنە گەشتیارییەکان میوزیک و گۆرانی کوردی پەخش بکەن چونکە ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن لە ناساندنی بەهاکانی نەتەوە و فەرهەنگ و داب و نەریتی کوردستان.
دووشەممە 29ـی تەممووزی 2024، ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار لە لاپەڕەی فەرمیی دەستەکە بڵاوی کردووەتەوە، گەشتوگوزار بۆ هەرێمی کوردستان سەرەڕای بایەخە ئابووریەکەی، ڕەهەندێکی نیشتمانیشی هەیە و ئامرازێکی بەهێزە بۆ ئاشناکردنی گەشتیاران بە مێژوو، شوناس، فەرهەنگ و کولتووری کوردستان.
دەشڵێت: میوزیک و تابلۆ ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن لە ناساندنی بەهاکانی نەتەوە و فەرهەنگ و داب و نەریتی وڵاتێک بە گەشتیاران، میوزیک بە ریتمی ناوازە و هۆنراوە و ئاوازی ڕەسەنی کوردیەوە دەکرێت ببێتە پردێک بۆ بەیەکەوە بەستنەوەی روحیەت و هەستی گەشتیاران بە کوردستان و ئەزمونێکی لەبیرنەکراو لای گەشتیاران تۆمار بکات، لە بەرامبەردا تابلۆکان بە شێوەیەکی بینراو نوێنەرایەتی دیمەنە سرووشتیە دڵڕفێنەکانی وڵات و ڕووداوە مێژووییەکان و شوێنەوارە دێرینەکان دەکەن، دەرفەت بۆ گەشتیاران دەڕەخسێنن کە جوانی وڵات و هەمەجۆریی چالاکییەکان ببینن و زیاتر ئاشنای کوردستان بن.
سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت: دوای بەدواداچوون بۆمان دەرکەووتوە زۆرینەی بنکە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر میوزیکی بیانی پەخش دەکەن و دیوارەکانیان بە تابلۆی هونەرمەندانی بیاینی و وێنەی وڵاتانی دیکە ڕازاندووەتەوە، ئەمەش یەکناگرێتەوە لەگەڵ ئامانجی ستراتیژیان کە پاراستنی شوناس و فەرهەنگی نەتەوەییە.
گوتی: لە سۆنگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر خاک و وڵات، داوا لە سەرجەم بنکە گەشتیارییەکان لە چێشتخانە، هۆتێل، مۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکانی دیکەش دەکەم، ئەرکی نیشتمانیی و مۆراڵی خۆیان ببینن و ببن بە بەشێک لە پاراستنی فەرهەنگی وڵاتەکەمان لە ڕێگەی زیاتر پشت بەستن بە میوزیک و گۆرانی کوردی و بەکارهێنانی تابلۆی هونەرمەندانی کوردستان . گەشتیاران ئاشنا بە سرووشتی ناوازە و مێژووی پڕشنگدار و شوێنەوارە دێرینەکانی کوردستان بکەن.
دەشڵێت: بە پەخشکردنی میوزیکی کوردی و ڕازاندنەوەی دیوارەکان بە وێنەی زێدی خۆمان، نەک تەنها ئەزموونی گەشتیاریی دەوڵەمەند دەکەین، بەڵکو شوناسی نەتەوەیی خۆمان بەهێز دەکەین و دەبێتە پاڵپشتیەکی پێویست بۆ هونەرمەندانی ناوەخۆیی و بەرهەمەکانیان.