مه‌عن جبووری: میلیشیاكانی عێراق په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ هه‌موو گرووپه‌ هاوشێوه‌كانیان له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌

مه‌عن جبووری
مه‌عن جبووری

ڕاوێژكاری پێشووی وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، گرووپه‌ میلیشیاكان هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر حكوومه‌تی عێراقیش و ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵوێستێكی نیگه‌رانكه‌ریان كردووه‌ته‌وه‌.

ڕۆژی دووشه‌ممه ‌29ـی ته‌ممووزی 2024، مه‌عن جبووری، ڕاوێژكاری پێشوو له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی، میلیشیاكانی عێراق په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ هه‌موو گرووپه‌ هاوشێوه‌كانیان له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌ و هه‌ماهه‌نگكارن له‌ هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی.

مه‌عن جبووری ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، گرووپه‌ ملیشیاكانی عێراق په‌یوه‌ندییه‌كی باشیان له‌گه‌ڵ حووسییه‌كانی یه‌مه‌نیش هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت حووسییه‌كان له‌ عێراقیش بوونی خۆیان نه‌شاردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌و ڕاوێژكاره‌ی پێشووی وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق باسی له‌وه‌ش كرد، گرووپه‌ میلیشیاكان ته‌نانه‌ت هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر حكوومه‌تی عێراق و ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵوێستێكی نیگه‌رانكه‌ریان كردووه‌ته‌وه‌.

ناوبراو گوتیشی، به‌ئامانجگرتنی بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ عێراق درێژه‌پێده‌ری ئه‌و هێرش و نه‌یاره‌تییانه‌ی گرووپه‌ چه‌كداره‌كاته‌ بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گه‌ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق.

ڕۆژی پێنجشەممە 25ـی تەمموزی 2024، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە سەرچاوە ئەمنییەکانی بڵاویان کردەوە، چوار مووشەک ئاراستەی بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد کراوە. مێدیا عێراقییەکان ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردبوو، مووشەکەکان لە نزیک بنکە سەربازییەکە کەوتوونەتە خوارەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، شەوی سێشەممە (16ـی تەمموزی 2024) لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو، هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد.

زانیارییەکان ئاماژەیان بەوەکرد، هێرشەکە لەلایەن مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق كراوه‌، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتبووه‌وه‌.

بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق و هێزەکانی ئەمەریکا لەو بنکەیە جێگیر کراون و پێشتر گرووپەکانی سەر مقاوەمەی ئیسلامی چەندین هێرشیان کردبووە سەر ئەو بنکەیە.