بەنداوی چەمرگە بیرە وشکبووەکانی ناوچەکەی پڕ ئاو کردەوە

بەنداوی چەمرگە
بەنداوی چەمرگە

بەنداوی چەمرگە کە زیاتر لە ملیۆنێک مەتر سێجا ئاوی باروانی گلداوەتەوە، بیرە وشکبووەکانی ناوچەکەی پڕ لەئاو کردووەتەوە و خەڵکی ناوچەکە دەڵێن: بەنداوەکە لە وشکەساڵی و بێ ئاوی ڕزگاریی کردووین و ئاو هێندە زیاد بووە، مەڕداران و کشتوکاڵی ناوچەکەش سوودی لێ دەبینن.

دووشەممە 29ـی تەممووزی 2024، هۆبەی بەرهەمهێنانی پەنجە ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ 45 هەزار پەنجە ماسییان خستە نێو بەنداوی چەمرگەوە، ماسییەکان لەجۆری کارپی هەنگارین و دووساڵییان پێویست دەبێت بۆ ئەوەی زاوزێ بکەن، بڕیاڕە لە داهاتوودا 255 هەزار پەنجەماسی دیکە بخەنە چەند بەنداوێکی دیکەوە.

هەفتەی ڕابردوو لە بەنداوی دووکان 200 هەزار پەنجە ماسی و ئەمڕۆش 45 هەزار پەنجە ماسی دیکە خرایە نێو بەنداوی چەمرگەوە.

پەنجە ماسییەکان لەجۆری کارپی هەنگارین و هۆبەی وەبەرهێنانی پەنجە ماسی  لە وەزارەتی کشتوکاڵ بەرهەمیان دەهێنێت، دوای بەرهەمهێنانیش دابەشی سەر بەنداوەکانی دەکەن.

ئارام حوسێن، بەڕێوەبەری ڕاهێنانی کشتوکاڵی لەهۆبەی بەرهەمهێنانی پەنجە ماسی دەڵێت: لە مانگی ئازارەوە دەست بە هێنانی پەنجە ماسی دەکەین، نێر و مێکان لە یەکتر جیا دەکەینەوە و دەیانژمێرین و هۆرمۆنیان لێ دەدەین بۆ ئەوەی هێلکەکانیان تەواو بێت بۆ فڕێدان، دواتر هێلکەکانیان وەردەگرین و دەیانکوتین، هەموو ئەو پرۆسەیەش شەش مانگی پێ دەچێت بۆ ئەوەی ببێتە پەنجە ماسی، دەشڵێت: ئەو پەنجە ماسییانە ئامادە دەکەین بۆ ئەوەی دابەشی سەر پۆند و بەنداوەکانیان بکەین کە شیاون بۆ ئەوەی پەنجە ماسییان تێ بکرێت.

بەنداوی چەمرگە لە ساڵی 2024 بەفەرمی کراوەتەوە، ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک مەتر سێجا ئاوی باروانی گلداوەتەوە، بە کردنە ناوەوەی پەنجەماسی بۆ ناو ئاوی بەنداوەکە، سامانی ماسی لەو سنوورە زیاد دەکات، بە گوتەی هاووڵاتییانی ناوچەکە، ئەم بەنداوە بووەتە خێر و بەرەکەت بۆ گوندەکانی دەورووبەری.

جیهاد ئەیوب هاووڵاتیی ناوچەکەیەو دەڵێت: بەنداوەکە و پەنجەماسییەکان کاریگەرییان لەسەر ئاوەدانی و گەشتیاریی و کشتوکاڵ هەیە، بۆ مەڕدارەکان گرنگە کە بووەتە هۆی ژیانەوەی سەرچاوەکانی ئاو.

محەمەد خالید هاووڵاتیەکی دیکەیە و دەڵێت: بەنداوەکە وای کرد لە وشکەساڵی ڕزگارمان بێت، بیرەکان زیندووبوونەوە و پڕ لە ئاو بوون، دوای چەند ساڵ بێ ئاو بوون.

Fly Erbil Advertisment