ئیسرائیل: ساڵی 2027 ژمارەی دانیشتووانی جۆلان بۆ دوو هێندە زیاد دەکات

بەرزاییەکانی جۆلان
بەرزاییەکانی جۆلان

بەهۆی کوژرانی چەند هاووڵاتییەکی ئیسرائیل لە بەرزاییەکی جۆلان، خەریکە جارێکی دیکە شەڕێکی هەرێمی دەست پێ دەکات،  پێشتر چەندان جار لە بەرزاییەکانی جۆلان شەڕ و پێکدادان ڕوویداوە و یەكێکە لە هەستیارترین شوێنەکانی سەر سنووری ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی. زیاتر لە 57 ساڵە ئەو ناوچەیە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستی بەسەر داگیراوە و لە چەندان ڕوو گرنگییەکی ستراتیجیی بۆ ئەو وڵاتە هەیە.

جارێکی دیکە ئاگری شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان بە گوڕتر دەبێت و خەریکە بازنەی شەڕ لە ناوچەکە فراوانتر دەبێت، هۆکەشی کەوتنە خوارەوەی مووشەکێک بوو لە بەرزاییەکانی جۆلان کە بووە هۆی کوژرانی چەندان هاووڵاتی ئیسرائیلی،  بەرزاییەکانی جۆلان ئەو شوێنە ستراتیجییەی بووەتە یەکێک لە سیمبولەکانی شەڕ و ناکۆکی لە ناوچەکە.

بەرزاییەکانی جۆلان ڕووبەرەکەی هەزار و 800 کیلۆمەتر دووجایە، بەشێکە لە خاکی سووریا و دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای سووریا، لەگەڵ هەریەکە لە ئیسرائیل، لوبنان و ئوردن سنووری هەیە.

لە 1894 ژمارەیەک لە سەرمایەدارە جووەکان لە جیهان هەوڵیان دا زەوی لەو بەرزاییانە بکڕن و نیشنگە بۆ جووەکان لەو ناوچەیە بنیات بنێن، بەڵام یاسای عوسمانییەکان و دانیشتووانە عەرەبەکان ڕێگریان لەو هەوڵە کرد.

ساڵی 1967 لە جەنگی شەش ڕۆژە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیر کرا. لە جەنگی ئۆکتۆبەری 1973 کە چوارەم جەنگی وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل بوو، سووریا هەوڵی دا ئەو بەرزاییانە کۆنترۆڵ بکاتەوە بەڵام شکستی هێنا. لە ئایاری 1974 بە بڕیاری ژمارەی 350 ئەنجوومەنی ئاسایش هێزی چاودێریی ڕاگرتنی شەڕی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان پێک هێنرا و لە سنووری ئیسرائیل و سووریا لە بەرزاییەکانی جۆلان جێگیر کرا.

ساڵی 1981 بە فەرمی ئیسرائیل نزیکەی هەزار و 200 کیلۆمەتر دووجا لە بەرزاییەکانی جۆلان بە خاکی خۆی لکاند، بەڵام تا ئێستەش بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش ناوچەیەکی داگیرکراوە و سووریا داوای گەڕاندنەوەی دەکات.

ساڵی 2019 ئەمەریکا بە فەرمی لکاندنی بەرزاییەکانی جۆلان بە ئیسرائیل ناساند و تاکە وڵاتە ئەو بڕیارەی دەرکرد بێت.

بەرزاییەکانی جۆلان، لە چەندان ڕووەوە بۆ ئیسرائیل گرنگە، جۆگرافیاکەی شوێنێکی بەرز و باشە بۆ ئیسرائیل تا چاودێری جموجۆڵی هێزەکانی سووریا بکات، هەروەها سروشتەکەی بەربەست لە بەردەم پێشڕەوی سەربازی دروست دەکات و سەرچاوەیەکی گەورەی ئاوە بۆ ناوچەکە.

ئێستە نزیکەی 20 هەزار کەس، کە پێشتر هاووڵاتی سووریا بوونە لەو ناوچەیە دەژین و بوونەتە هاووڵاتی ئیسرائیل.

هەروەها نزیکەی 30 نیشنگەی جووەکان لە بەرزاییەکانی جۆلان بنیات نراوە، نزیکەی 25 هەزار هاووڵاتی ئیسرائیلی لەو بەرزاییانە نیشتەجێ کراون و ئیسرائیل بەنیازە بۆ 2027 ژمارەی دانیشتووان جۆلان بۆ دوو هێندە زیاد بکات.