ڤەنزوێلا پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەشت وڵاتی ئەمەریکای لاتین دەپچڕێت

سووتاندنی بنکەیەکی پۆلیس لە دژی هەڵبژاردنەوەی مادۆرۆ بە سەرۆکی ڤەنزوێلا
سووتاندنی بنکەیەکی پۆلیس لە دژی هەڵبژاردنەوەی مادۆرۆ بە سەرۆکی ڤەنزوێلا

وەزارەتی گواستنەوەی ڤەنزوێلا ڕایگەیاندووە، لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ پەنەما و کۆماری دۆمینیکان ڕادەگرێت، لەبەر دەستوەردانیان لە کاروباری ناوخۆیی ڤەنزوێلا و گومانیان لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی نیکۆلاس مادورۆ بە سەرۆکی وڵات.

هەروەها حکوومەتی ڤەنزوێلا لە ڕایگەیەندراوێکی دیکەدا بڵاوی کردووەتەوە، بۆ ماوەیەکی کاتی لە 31ی تەممووزە تەواوی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ پەنەما و دۆمینیکان هەڵدەپەسێرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ڤەنزوێلا بڵاوی کردبووەوە، دیپلۆماتکارانی لە حەوت وڵاتی ئەمریکای لاتینی دەکشێنێتەوە، وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە دەستێوەردانی حکوومەتی ئەو وڵاتانە لە کاروباری ناوخۆیی ڤەنزوێلا و گومانیان لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی مادورۆ بە سەرۆکی ڤەنزوێلا.

هەروەها هەڵوێستی حکوومەتەکانی ئەرجەنتین، چێلی، کۆستاریکا، پەنەما، پیرۆ، کۆماری دۆمینیکان و ئۆرۆگوای بە پێشێلکاریی ناوبردووە و ئاماژەی داوە، سەروەری نەتەوەیی ڤەنزوێلا لاواز دەکات. داواشی کردووە هەرچی زووە دیپلۆماتکارەکانی ئەو وڵاتانە جێ بهێڵن.

یەکشەممە 28ی تەممووزی 2024، دوای کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەکانی ڤەنزوێلا و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، ماریا کۆرینا ماچادۆ سەرۆکی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە ڕەخنەی لە دەستەی هەڵبژاردنی نیشتمانی گرت و ڕایگەیاند، بەرەی ئۆپۆزسیۆن %73.2ی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکەی بردووەتەوە، کەچی نیکۆلاس مادۆرۆیان بە براوەی هەڵبژاردن و سێیەم خولی سەرۆکایەتیی ناساندووە، بەمەش تەمەنی پارتی سۆشیالیست بۆ 25 ساڵی دیکە لە دەسەڵات درێژ کرایەوە.

بەهۆی ناڕەزایی دەربڕین لە هەڵبژاردنەوەی مادۆرۆ بە سەرۆکی وڵات لە زۆربەی شارەکانی قەنزوێلا خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین دەستی پێکردووە.

Fly Erbil Advertisment