تورکیا.. سەردانی مەحموود عەباس، ناکۆکی خستووەتە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن

مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتدارێتیی فەڵەستین
مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتدارێتیی فەڵەستین

سەردانی مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتدارێتیی فەڵەستین بۆ تورکیا بووەتە ڕۆژەڤێکی گەرم. ئۆپۆزیسیۆن دەڵێت، دەبێت مەحموود عەباس لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێک پێشکەش بکات. لەبەرامبەردا دەسەڵات دەڵێت داوایان کردووە، بەڵام ناوبراو نەهاتووە.

سەردانەکەی مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتدارێتیی فەڵەستین بۆ تورکیا بووەتە بابەتێکی گەرمی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن، چونکە گوتارەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنگرێس فشارێکی گەورەی خستووەتە سەر دەسەڵات بەوەی وەک وەڵامدانەوە، بۆچی مەحموود عەباس بانگهێشتی پەرلەمانی تورکیا ناکرێت؟.

عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) ڕایگەیاند، بانگهێشتیان کردبوو، بەڵام بەهۆی نەخۆشییەوە نەیتوانیبوو، لە کاتێکی دیکە سەردانی تورکیا دەکات.

عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی گوتی "چەند هەفتەیەک بەر لە ئێستا لە گەشتێکدا لەگەڵ سەرۆککۆمارمان بووین، هەواڵی سەردانەکەی ناتانیاهۆمان بۆ کۆنگرێس، بە سەرۆککۆمارمان دا. دوای ئەم هەنگاوە سەرۆککۆمارمان لە پێناو خستنەڕووی ڕاستییەکان و پیشاندانی هەڵوێست بەرامبەر بەو هەنگاوە، داوای لە مەحموود عەباس کرد بێت و لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێک پێشکەش بکات، بەڵام مەحموود عەباس ڕایگەیاند بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە ناتوانێت، ئێستا بەگوێرەی زانیارییەکان، لە کاتێکی دیکەدا سەردانی تورکیا دەکات و گوتارەکەی پێشکەش دەکات".

بابەتەکە دوای ئەم لێدوانەی دۆغان بەکین، پەرلەمانتاری یەنیدەن رەفا ـی ئۆپۆزیسیۆن گەرم بوو، کە گوتبووی، داوا دەکەن حکوومەتی تورکیا بانگهێشتنامەیەک ئاراستەی مەحموود عەباس بکات.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئاکپارتییش، ڕایگەیاند، "کێ گوتوویەتی بانگهێشتمان نەکردووە، کردوومانە، بەڵام مەحموود عەباس وەڵامەکەی نەرێنی بووە".

تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە توندترین هەڵوێستی بەرامبەر بە ئیسرائیل هەیە بەشێوەیەک، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە ڕایگەیاندبوو، تورکیا بەهێزە، چییان لە قەرەباغ و لیبیا کردووە، هەمان شت بەسەر ئیسرائیلدا دووبارە دەکەنەوە.

Fly Erbil Advertisment