ڕوانگەی سووری: ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر پێگەیەکی بەرگریی ئاسمانیی سوپای سووریا

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بڵاوی کردەوە، شەوی ڕابردوو، ئیسرائیل بۆردومانی پێگەکانی بەرگریی ئاسمانیی سوپای سووریای لە پارێزگای دەرعا کردووە.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕایگەیاند، "ئیسرائیل بە مووشەک هێرشی کردە سەر 'تەل جایبە و بنکەیەکی بەرگریی ئاسمانی و تەل ئوم حوران' کە هێزەکانی سووریا و هێزی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتەی تێدا جێگیرکراون، لە ڕۆژئاوای دەرعا".
ڕوانگە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو هێرشانەی لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە کراوە، هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.
ڕوانگە ڕوونیشی کردەوە، "مووشەکەکانی دژە فڕۆکەی سووریا هەوڵیان داوە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بخەنە خوارەوە لەوکاتەی بە ئاسمانی ئەو وڵاتەدا دەسوڕانەوە".
لە دوای سەرهەڵدانی ململانێکانەوە لە سووریا لە ساڵی 2011، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر پێگەی هێزەکانی ڕژێمی سووریا و پێگەکانی ئێران لە سووریا و حزبوڵڵای لوبنانی.