عەفرین.. تووشبووانی شێرپەنجە بەدەم ئازارەوە لە خراپترین دۆخدان

نەبوونی نەخۆشخانەی تایبەت بە دەرمان و چارەکردنی تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە و کەمیی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان لە عەفرین، نەخۆشانی شێرپەنجەی هێندەی دیکە پەرێشان کردووە.

تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە سەرەڕای نەبوونی نەخۆشخانە و کەمیی دەرمانی پێویست، خراپیی دۆخی دارایی و کەمدەرامەتیان هۆیەکی دیکەیە کە ناتوانن بە ئاسانی دەستیان بە دەرمان و چارەکردن بگات.

مستەفا حەنان دەڵێت: تووشبووی شێرپەنجەم، لە عەفرین نەخۆشخانە نییە. هەوڵمدا لە دەرەوەی عەفرین چارە بکرێم، بەڵام دۆخی داراییمان زۆر خراپە. شەش کۆرسی دەرزیی کیمیاییم وەرگرتووە. تاوەکوو ئێستا 10 جار سۆنەر و پشکینینم کردووە، هەموو ئەوانە خەرجین. هەربۆیە داوا کردنەوەی نەخۆشخانەیەک لە عەفرین دەکەین و داواکارین دەرمانمان بۆ دابین بکەن، چونکە دۆخی داراییمان زۆر خراپە.

خەدیجە محەممەد، کە تووشبووی شێرپەنجەیە دەڵێت: من چوومە نەخۆشخانە، چارەکردنی نەخۆشیی شیرپەنجەی تێدا نییە، ناچاربووین لە دەرەوە پشکینین بکەین و دەرمان بکڕین. کێشەکەش ئەوەی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە نەخۆشیی شێرپەنجە لە عەفرین نییە، بۆ هەر دەرزییەک دەبێت 100 دۆلار بدەم، تاوەکوو ئێستاش هەشت دەریم لێ داوە.

بەشێک لە تووشبووانی نەخۆشی شیرپەنجە لە عەفرین بەهۆی هەژاریی و دەستکورتییەوە دەستەوئەژنۆ هیوابڕا دانیشتوون و چاوەڕێی دوا ساتەکانی ژیانیان دەکەن، چونکە ناتوانن نەک دەرمان، بەڵکو توانای کڕینی ئازار شکێنێکیشیان نییە.

بەهۆی خراپی دۆخەکەوە، کەسوکاری تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە داوای هاوکاری دەکەن بۆ ئەوەی نەخۆشەکانیان لە مردن ڕزگار بکرێن.

ئافرەتێکی دانیشتووی عەفرین بەدەم هەڵڕشتنی دەرمانەکانی هاوژینەکەییەوە کە تووشبووی شێرپەنجەیە دەڵێت: داوا لە هەموو لایەنێک و کەسێکی خێرخواز دەکەین نەخۆشخانەیەکی چارەکردنی تووشبووانی شێرپەنجەمان بۆ بکاتەوە. لێرە هیچ نەخۆشخانە و چارەسەرییەکی شێرپەنجە نییە، ئەمە سێیەم ساڵە بەدەست ئەم نەخۆشییەوە ئازار دەچێژیت، هەرچییەکمان هەبوو بۆ چارەکردنی ئەو فرۆشتوومانە.

لە دوای 20ی ئاداری 2018، داگیرکردنی ‌عەفرین لەلایەن سوپای تورکیا و گرووپە میلیشیاکانەوە، دۆخ و گوزەرانی خەڵکی عەفرین و دەوروبەری هێندەی دیکە پەرێشان بووە و ڕۆژ دوای ڕۆژیش خراپتر دەبێت، بەڵام پاش بوومەلەرزەکەی سەرەتای ساڵی ڕابردوو تاکە ڕێکخراوی خێرخوازی لە ئاستی جیهان و ناوچەکەش، دەزگای خێرخوازیی بارزانییە کە بنکەیەکی بە فەرمی لە سنووری عەفرین کردووەتەوە و بەردەوام خۆراک و هاوکارییە مرۆییەکان بە سەر خەڵکی لێقەوما و هەژار دابەش دەکات بەبێ جیاوازی نەتەوەیی.