دەرچووانی بەشە پزیشکییەکانی عێراق: وەزیری دارایی مافمانی خواردووە

سەدان لە دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق چوونە بەردەم وەزارەتی دارایی عێراق و خۆپیشاندانیان کرد. ئەو دەرچووانە، کە پسپۆڕییان لە سەرجەم بەشە پزیشکییەکان هەیە داوا دەکەن دابمەزرێن.

بە دروشمی "عەلی، هاوکارمان بە لەم شۆڕشە" دەرچووانی بەشە پزیشکییەکانی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق لە بەردەم وەزارەتی دارایی خۆپیشاندانیان کرد. لە گەرمای تاقەتپروکێنی بەغدا داوای دامەزراندن لە حکوومەتی فیدراڵی دەکەن.

دەنگی ناڕەزایەتی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان ئاراستەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقە کە بەهۆی بڕیارێکی ئەوەوە، زیاتر لە 30 هەزاری دەرچووی ساڵی ڕابردووی بەشە پزیشکییەکان لە مافی دامەزراندن بێبەش کراون.

یوسرا نامیق، دایکی یەکێک لەو دەرچووانەیە، لە پارێزگای کەرکووکەوە سەدان کیلۆمەتری بڕیوە و لە بەغدا، لەگەڵ کچەکەی بەشداریی خۆپیشاندانەکەی کرد، کچەکەی ئەو یەکێک بووە لە دەرچووە یەکەمەکانی زانکۆکەی، بەڵام لە دامەزراندن بێبەش کراوە.

یوسرا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "دەمەوێ کچەکەم دابمەزرێت، داواکاریی ئێمە دامەزراندنی ڕۆڵەکانمانە، ئەمە مافی خۆیانە بۆ دایان نامەزرێنن؟ دامەزراندن مافی یاسایی خۆیانە".

بەپێی بڕیاری ژمارە 6ـی ساڵی 2000، دامەزراندنی دەرچوانی بەشە پزیشکییەکان بەشێوەی ناوەندی (مەرکەزی) دەبێت، بەڵام ئەمساڵ وەزارەتی دارایی بە نووسراوی فەرمی، وەزارەتی تەندروستی ئاگادار کردوەتەوە، لەتوانایاندا نییە سەرجەم دەرچووانی ساڵی 2023 دابمەزرێنن و دامەزراندنی ئەو دەرچووانە بەپێی پێویستی دەبێت.

مستەفا سەددام، دەرچووی زانکۆ پزیکشییەکان، لە ڕێگەی کوردستان24ـەوە بە دەسەڵاتدارانی حکوومەتی عێراقی گوت "ئەمە یاسایە و دەبێت ئێوەش پابەندی یاسا بن؛ داواکاری ئێمە بۆ محەممەد شییاع سوودانی و وەزیری تەندروستی و تەیف سامی، وەزیری داراییە، ئێوە بۆ ئێمە نابینن؟ چی بکەین بچین نەتەوە یەکگرتووەکان بێنین؟".

شەهد حوسێن، دەرچوویەکی دیکەیە و دەڵێت: ئەمە ڕێی تێ دەچێت ئاوا لە ئێمە دەکەن، کێ ئەم بارودۆخە قبووڵ دەکات؟ ئێمە چینێکی ڕۆشنبیری نێو کۆمەڵگەین؛ بۆچی لەبەر ئەم گەرمایە وامان لێ دەکەن، تەنها دەڵێین پەنا بەخودا و خودا مافمان لە ئێوە وەرگرێت.

ژمارەی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان بۆ ساڵی 2023، زیاتر لە 61 هەزار دەرچوو دەبێت، بەڵام وەزارەتی دارایی فەرمانی دامەزراندنی بۆ 29 هەزار دەرچوو دەرکردووە، بەمەش زیاتر لە 30 هەزار دەرچووی بەشە پزیشکییەکان لە مافی دامەزراندن بێبەش دەبن.

Fly Erbil Advertisment