لە پارێزگای زیقار 31 حاڵەتی تای خوێنبەربوون تۆمار کراوە و پێنج کەسیش بەوهۆیەوە مردوون

ئەمڕۆ سێشەممە، نەخۆشخانەی ڤێتەرنەری زیقار، تۆمارکردنی حاڵەتی نوێی تای خوێنبەربوونی ڕاگەیاند، کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە کۆی گشتی تووشبووان بە تای خوێنبەربوون گەیشتووەتە 31 حاڵەت، هاوکات لەو ژمارەیەش پێنج حاڵەتی مردن هەبووە.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڤێتەرنەری زیقار، د. محەممەد عەزیز، بە ڕادیۆی ناسرییەی ڕاگەیاند، حاڵەتی نوێی تای خوێنبەربوون لە پارێزگای زیقار تۆمار کراوە، گوتیشی پێویستە هاووڵاتیان وریابن.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەفتەی ڕابردوو چوار حاڵەتی تووشبوون بەتای خوێنبەربوون تۆمارکراوە و کەسێکیش بەو هۆیەوە مردووە، دەشڵێت: زۆربەی تووشبوونەکان لە باکووری شاری ناسریەیە کە 11 حاڵەتی تووشبوونی هەبووە، هۆکەشی بۆ نەبوونی چاودێری و وریایی لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ و مامەڵەکردن لەگەڵ گۆشتدا گەڕاندەوە.

پێشتر بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەشی ڤێتەرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ، زەینەب ڕەحیم حوسێن بە ڕۆژنامەی "سەباح"ـی ڕایگەیاندبوو، لە  وەزارەتی کشتوکاڵ هەڵمەتێکی بێبەرانبەری بۆ ڕشاندن و لەناوبردنی ڤایرۆسەکە بە بەشداری 246 تیمی ڤێتێرنەری بۆ پارێزگاکانی عێراق دەست پێکردووە.

ئەو بەرپرسەی ڤێتەرنەری گوتیشی: ژمارەی حاڵەتەکانی تای خوێنبەربوون گەیشتووەتە 40 حاڵەت، لەنێویاندا پێنج حاڵەتی مردن هەبووە، هەروەها پارێزگاری زیقار لە پێشەنگی ژمارەی تووشبوواندایە.

 تای خوێنبەربوون یەکێکە لە مەترسیدارترین نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان، پارساڵیش زیاتر لە 500 حاڵەتی توشبوون بەو نەخۆشیە هەبووە لە عێراق.

Fly Erbil Advertisment