سەرۆکی کۆمەڵەی خانەنشینانی عێراق: مووچەی خانەنشینانی کۆن بەشی 10 ڕۆژ ناکات

سەرۆکی کۆمەڵەی خانەنشینانی عێراق ڕایگەیاند، جیاکاریی زۆر لە نێوان خانەنشینانی کۆن و نوێ کراوە، کە ئێستا خانەشینانی کۆن ناتوانن بەو مووچەیە بژێوی ژیانیان بۆ 10 ڕۆژ دابین بکەن.

مەهدی عیساوی، سەرۆکی کۆمەڵەی خانەنشینانی عێراق، بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە ڕاستیدا دۆسیەی خانەنشینان بابەتێکی گەرمی ڕۆژە، ئەمەش دەرئەنجامی ئەو کێشانەیە کە هەبووە، کە ئێستا ناتوانن بەو مووچەیە بژێوی ژیانیان بۆ 10 ڕۆژ دابین بکەن".

گوتیشی: خانەنشینان بوونەتە دووبەش، ئەوانەی پێش 2014 خانەنشین بوون، هەروەها ئەوانەی دوای ئەو ساڵە خانەنشین کراون، کە ئەمە لەهیچ شوێنێک شتی وا نییە. بۆیە ئێستا خانەنشینانی پێشوو بەدەست ئەو مووچەیەی وەری دەگرن گیرۆدەن، چونکە جیاوازی لەگەڵ مووچەی خانەنشینانی نوێ هەیە، کە ئەمەش ناکۆکە لەگەڵ دەستووری عێراقی کە لەماددەی 14 دا دەڵێت: عێراقییەکان یەکسانن بەبێ جیاکاری.

مەهدی عیساوی باسی لەوەش کرد "جیاکاریی لە نێوان خانەنشینانی کۆن و نوێ دەکرێت، بۆیە پێویستە ئەمە کۆتایی پێ بهێنرێت، هەروەها هەموارکردنەوەی یاسایی خانەنشینی لە ساڵی 2016 خراپترین هەموارکردنەوە بووە، چونکە ئەوکات دۆخی عێراق نالەبار بوو، بۆیە ویستیان پەلە لە بڕیارەکە بکەن".

سەرۆکی کۆمەڵەی خانەنشینانی عێراق جەختیکردەوە "پێشنیارمان کردووە یاسای 14ـی خانەشینی هەموار بکرێتەوە، چونکە لە چوارچێوەی ئەو یاساییە جیاکاری کراوە، ئەمەشمان خستووتە بەردەستی دەستەی خانەنشینانی عێراق، لەهەمان کاتدا کاردانەوەیان ئەرێنی بووە لەسەر هەموارکردنەوەی یاساکان و بەرزیان کردووەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، وێنەیەکیشمان گەیاندووەتە سەرۆکوەزیران و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق.

ڕوونی کردەوە، خانەنشینان 200 هەزار لە مووچەکانیان زیاد کراوە، هەروەها 684 هەزار خانەنیش سوودمەند بوون، واتە لەسەدا 70ـی خانەشینانن، ئەوانەشی ستەمیان لێکراوە کۆنەکانن.

خانەشینانی پارێزگای زیقار لە خۆپیشاندانێکدا ڕێگەی سەرەکی نێوان قەزای فەجر و قەزای ڕەفاعییان داخست و داوایان لە پارێزگاری زیقار کرد بەگوێرەی ڕێکار و ڕێنماییەکانی سەرۆکوەزیران پارچە زەوییان بۆ تەرخان بکرێت و پێیان بدرێت.

Fly Erbil Advertisment