تەندروستیی جیهانی: ئیفلیجی بەرۆکی منداڵانی غەززەی گرتووە

تەندروستی جیهان
تەندروستی جیهان

تیدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، ئەگەر ڕێوشوێنی خێرا نەگیرێتە بەر، ئیفلیجیی منداڵان بە هەزاران منداڵی نەکوتراو لە کەرتی غەززە تووش دەکات.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، تا ئێستە هیچ حاڵەتێکی ئیفلیجیی منداڵان دەستنیشان نەکراوە، بەڵام لە نەبوونی ڕێکاری خێرا، هەزاران منداڵ تووش دەکات کە هێشتا نەکوتراون.

بە گوتەی ناوبراو، ڕێژەی کوتانی ئیفلیجیی منداڵان لە نێو منداڵانی کەرتی غەززەدا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە لە 99% بۆ 86% لە ماوەی نۆ مانگی شەڕەکەدا.

بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوەکە، ئاماژەی بەوەش کرد "پێش سەرهەڵدانی ململانێکان ڕێژەی کوتان 99% بووە، بەڵام ئێستە ئەم ژمارەیە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە بۆ 86%، ئەوەش هەڕەشەیە لە سەرهەڵدانی نەخۆشی و ئیفلیجیی منداڵانی نەکوتراو، کە ژینگەیەکی باش پێک دەهێنن بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە".

دوێنێ دووشەممە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ڕایگەیاند "کەرتی غەززە بووەتە ناوچەیەکی پەتای ئیفلیجیی منداڵان، لە ئەنجامی ئەو دۆخەی شەڕ و بێبەشکردنی غەززەییەکان لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان".

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەش کردووە "دانیشتوانی کەرتی غەززە بە دەست لەدەستدانی ئاوی بەکارهێنراو و لەناوچوونی ژێرخانی پاکوخاوێنی و کەڵەکەبوونی هەزاران تۆن زبڵ و نائاسایشی خۆراک و کەڵەکەبوونی دانیشتوان لە شوێنەکانی ئاوارەبوونی زۆرەملێدا، گرفتارن".

هەروەها ئاماژەی بە دۆزینەوەی بوونی ڤایرۆسی CVPV2 کرد کە دەبێتە هۆی ئیفلیجی منداڵان لە ئاوی پیس لە پارێزگاکانی خان یونسی ناوەند.

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

Fly Erbil Advertisment