شارەزایەکی ئابووری: پزیشکیان هەوڵ دەدات ئێران لەو قەیرانە ئابوورییە ڕزگار بکات

شارەزایەکی ئابووری دەڵێت: مەسعود پزیشکیان سەرۆکی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڵێنی دابوو، گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریکا دەست پێ بکاتەوە بۆ ئەوەی دەرچەیەک بۆ وڵاتەکە بدۆزێتەوە تاوەکو ئێران لەو قەیرانە ڕزگار بکات.

فەرهاد سلێمانپوور، شارەزای ئابووری بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەکاتی بەنگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماریی ئێران، تاکە بەڵێنێک کە مەسعود پزیشکیان سەرۆکی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیدا ئەوەبوو گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریکا دەست پێدەکاتەوە بۆ ئەوەی دەرچەیەک بۆ ئێران بدۆزێتەوە.

سلێمانپوور گوتیشی: لەوبارەوە پزیشکیان هەوڵی داوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران باش بکات، چونکە خامنەیی دیاریکەری سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیەتی، هەروەها بەردەوام گوتوویەتی خامنەیی هەرشتێک بڵێت، ئێمە گوێڕایەڵی ئەو دەبین.

ئەو شارەزای ئابووریە گوتیشی: پزیشکیان دڵی بەوە خۆشە کە بتوانێت گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمەریکا بەرەو پێشەوە ببات، تاوەکو بتوانێت لەو ڕێگەوە دەستی حکوومەتی ئێران کراوە بێت و پارەی نەوت بگاتەوە بەدەستی و ئەو کۆسپانەی لەبەردەم گەڕانەوەی پارەکانی دانراوە لای ببات.

باسی لەوەشکرد، حکوومەتی ئێران بووەتە دەزگایەکی بچووک بەدەست خامنەیی و سوپای پاسداران، کە ستراتیجییەکە ئەوان دیاری دەکەن، بۆیە ئێستا پزیشکیان هەوڵ دەدات کاریگەری لەسەر خامنەیی هەبێت بۆ بتوانن گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکا بکەن.

بەڵام کە سەیری دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین گرژییەکان زیاتر بووە، بەدوور دەزانرێت پلانەکانی پزیشکیان سەرکەوتوو بێت و بتوانێت قەیرانە ئابوورییەکانی ئێران چارە بکات.

کاتژمێر شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ، ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی مەسعود پزشکیان، نۆیەمین سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەرلەمان بە بەشداریی زیاتر لە 70 شاندی بیانی و 600 مێدیاکاری ناوخۆی ئێران و دەرەکی بەڕێوە دەچێت.

بەگوێرەی ماددەی 121 ی دەستووری ئێران، ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆمار دەبێت لە دانیشتنێکی کراوەی پەرلەمان بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و ئەندامانی ئەنجوومەنی چاودێریی، بێت.