20 دۆنم پوش و پاوانی گوندی کەکلە سووتان
ئاگر لەپوش و پاوانی گوندێکی سنووری قەزای مێرگەسۆر کەوتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی بەهاوبەشیی پێشمەرگە، ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد.
سێشەممە 30ـی تەممووزی 2024، ڕەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سۆران بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئاگر لە پوش و پاوانی چیاو بەرزاییەکانی گوندی کەکلەی سەربە ناحیەی پیران لەسنووری قەزای مێرگەسۆر کەوتووەتەوە، شەش تیمی بەرگریی شارستانیی لە بنکەکانی (پیران و شێروان مەزن و مێرگەسۆر ) گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لە ماوەی سێ کاتژمێردا بە هاوکاری بەتالیۆنی ژینگەی بارزان ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سۆران ئاماژە بەوە دەکات، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی توانیویانە ڕێگری لە سووتانی ڕەز و باغی هاووڵاتیان و گەیشتنی ئاگر بۆ نێو ماڵەکانی گوندی کەکلە بکەن.
ئاشکراشی دەکات، ئاگرەکە بووەتە هۆی سووتانی 20 دۆنم پوش و پاوان لەچیای گوندی کەکلەی سەربە ناحیەی پیران، ئاماژە بەوەش دەکات، هۆکاری ئاگرەکە تا ئێستا نەزانراوە.
