ڕۆیتەرز: دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە باشووری بەیرووت بیسترا

K24 – هەولێر:

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان بیستراوە و سەرکردەیەکی باڵای حزبوڵڵا کراوەتە ئامانج.

ئێوارەی 30ـی تەمموزی 2024، ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر باشووری بەیرووت، سەرکردەیەکی باڵای حزبوڵڵای کردووەتە ئامانج.

بەشێک لە سەرچاوە میدیاییەکانی لوبنان ئاماژەیان بەوەکردووە: لەو هێرشەدا گومان دەکرێت فوئاد شوکر، کەسایەتی دووەمی حزبوڵڵای لوبنانی کرابێتە ئامانج.

لەلایەن خۆیەوە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: ئامانجی هێرشەکەیان لە بەیرووت کوشتنی کەسی دووەمی حزبوڵڵا بووە بەناوی فوئاد شوکر کە ڕاوێژکاری سەربازی حەسەن نەسروڵڵڵایە و بەرپرسی یەکەمی چەندین هێرش بووە بۆ سەر ئیسرائیل کە دوایینیان هێرشەکەی مەجدەل شەمس لە بەرزاییەکانی جۆڵان بووە.

هاوکات میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە: دوای هێرشەکەی باشووری بەیرووت، سوپای ئیسرائیل خراوەتە ئامادەباشییەوە بۆ وەڵامدانەوەی هەر ئەگەرێکی وەڵامدانەوەی حزبوڵڵا بۆ ئەو هێرشە.

ئەمەش لە کاتێکدایە بەهۆی پەرەسەندنە نوێیەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی، چەند ڕۆژێکە وڵاتانی ئەمەریکا و ئەورووپا داوا لە هاووڵاتییانیان دەکەن بە زووترین کات لوبنان جێبهێڵن یان ئامادەکاری بکەن بۆ مانەوە بۆ کاتێکی زۆر لە شوێنەکانی خۆیان.

بۆ بینینی دیمەنی دوای تەقینەوەکە، ئێرە کلیک بکە.

نوێ دەکرێتەوە....