کۆمپانیایەکی چینی دەیەوێت کارەبا بە سیستەمی خۆر لە کوردستان دابین بکات

کۆمپانیایەکی چینی بەنیازە لە وزەی خۆر کارەبا بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات و لەو بوارەدا وەبەرهێنان بکات، وەزیری کارەبای هەرێمیش پشتیوانیی خۆی بۆ پرۆژەی کۆمپانیاکە دەربڕی.
سێشەممە 30ـی تەممووزی 2024، وەزارەتی کارەبا بڵاوی کردەوە، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا لەگەڵ میس لی بەرپرسی کۆمپانیای پۆشنی چینی و شاندی یاوەری کۆبووە کە بەمەبەستی ئەنجامدانی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر سەردانی وەزارەتیان کرد.
ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە ئاشکرای کردووە، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا پاڵپشتی و کارئاسانی وەزارەتی کارەبای بۆ دانانی وێستگەی کارەبا بە سیستەمی وزەی خۆر خستەڕوو ، ئامادەیی وەزارەتیشی نیشاندا بۆ پێشکەشکردنی کارئاسانی بۆ کۆمپانیاکانی کارەبا کە لە ئێستادا 20مێگاوات کارەبا لە پڕۆژەکانی وەزارەت و کەرتی تایبەت بەرهەم دەهێنرێت و بەبڕی 75مێگاواتی دیکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.