حەماس: ئیسماعیل هەنیە لە هێرشێکدا کوژرا

ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل لە تاران کوژرا.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ـی 2024، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکەی و پاسەوانێکی، لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل لە تارانی پایتەختی ئێران ڕاگەیاند.
حەماس ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ئیسماعیل هەنییە دوای بەشداریی لە رێوەڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئێران، چووەتە شوێنی مانەوەی لە تاران و دواتر کراوەتە ائامانج.
لەلایەن خۆیەوە بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران کوژرانی هەنییەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوەکە دەستیان پێ کردووە و دواتر ئەنجامەکەی بڵاو دەکەنەوە.
ئیسماعیل هەنیە کێیە؟
ئیسماعیل هەنییە لە دوای نسکۆی فەڵەستین، لە 29 کانوونی دووەمی 1963 لە کەمپی ئاوارەکانی کەناراوی ڕۆژئاوای کەرتی غەززە لە دایکبووە، لە ساڵی 1987 زانکۆی ئیسلامی هەر لە غەززە تەواوکردووە بڕوانامەی لە ئەدەبی عەرەبی بە دەستهێناوە.
هەروەها لە ساڵی 2009 هەر لە هەمان زانکۆ بڕوانامەی دکتۆرای شانازیان پێداوە.
ئیسماعیل هەنیە لە سەردەمی خوێندنی زانکۆوە پەیوەندی بە باڵی قوتابیانی ئیخوانەکانەوە کردووە و لە ساڵانی 1983 و 1984 ئەندامی ئەنجوومەنی قوتابیانی زانکۆی ئیسلامی بووە لە غەززە، دوای دەرچوونی هەر لە زانکۆکەی خۆی بووەتە وانەبێژ و دواتر بەرپرسیارێتی کاروباری زانکۆی ئیسلامی پێ سپێردراوە.
دوو ساڵ دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ لە ساڵی 1989 لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە دەستگیرکراوە و بۆ ماوەی سێ ساڵ زیندانی بووە و دوورخراوەتەوە بۆ گوندی مەرەج زهوور کە گوندێکی سەر شارۆچکەی حاسەبیایە لە سنووری پارێزگای نەبتییەی لوبنان و دەکەوێتە نزیک سنووری فەڵەستین.
لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی فەڵەستین ساڵی 2006 سەرۆکایەتیی لیستی گۆڕان و چاکسازی کردووە و دەنگی زۆرینەی بە دەستهێناوە، دوای هەڵبژاردنەکە لە 16 شوباتی 2006 بزووتنەوەی حەماس، ئیسماعیل هەنیەی بۆ سەرۆکوەزیرانی فەڵەستین کاندید کرد و چوار ڕۆژ دواتر بە سەرۆکوەزیران دەستبەکاربوو.
لە 14 ی حوزەیرانی 2007، دوای ئەوەی لیوای عزالدین قەسام کە باڵی سەربازی حەماسە دەستیان بەسەر ناوەندەکانی دەزگا ئەمنییەکانی کەرتی غەززەدا گرت.
مەحموود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین بڕیاری دوورخستنەوەی هەنیەی لە پۆستی سەرۆکوەزیراندا و ئەمەش ناکۆکیی و شەڕی چەکداری لە نێوان بزووتنەوەی فەتح و بزووتنەوەی حەماس دروستکرد، حەماس کەرتی غەززەی کۆنترۆڵکرد.
ئیسماعیل هەنیە لە ئایاری 2017 بە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس هەڵبژێردرا و بۆ پڕکردنەوەی شوێنی خالد مەشعەل.
هەروەها چەند پۆستێکی دیکەی هەبووە لەوانە:
- ئەندامی سەرکردایەتی حەماس
- بەڕێوەبەری نووسینگەی شێخ ئەحمەد یاسین
- ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای کارگێڕی کۆمەڵەی ئیسلامی
- سەرۆکایەتیی یانەی کۆمەڵەی ئیسلامی لە غەززە بۆ ماوەی 10 ساڵ
- ئەمینداری نهینی پارێزی ئەنجوومەنیی ئەمیندارانی زانکۆی ئیسلامی لە غەززە
- بەڕێوەبەری پێشووی کاروباری کارگێڕی زانکۆی ئیسلامی
- بەڕێوەبەری پێشووی کاروباری ئه کادیمیای زانکۆی ئیسلامی
- ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی ئەمیندارانی زانکۆی ئیسلامی
- ئەندامی لێژنەی باڵای دانووستانکاری حەماس بۆ گفتوگۆ لەگەڵ گرووپە فەڵەستینییەکان و دەسەڵاتی فەڵەستین
- ئەندامی لێژنەی باڵای چاودێری ڕاپەڕینەکانی بزووتنەوەی حەماس