ناسر کەنعانی: خوێنی هەنیە بە فیڕۆ ناچێت

ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، هەرگیزی خوێنی ئیسماعیل هەنیە بە فیڕۆ ناچێت و کوژرانیشی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و فەلەستین و بەرەی موقاوەمە بەهێزتر دەکات.
ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە سەرەخۆشی کوژرانی ئیسماعیل هەنیه، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی موقاوەمەی ئیسلامی (حەماس) لە تاران ئاراستەی خەڵکی فەڵەستین، بزووتنەوەی حەماس، سەرجەم گرووپەکانی بەرەی موقاوەمەی فەڵەستین و وڵاتانی پشتیوانکار لە دۆزی فەڵەستین دەکات.
ئاژانسی ئیرنا بڵاویکردووەتەوە، کەنعانی ئاماژەیداوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی ڕووداوەکە دەکەن و ڕاشیگەیاندووە، ئە موجاهیدەی کە هەموو تەمەنی لە ڕێگەی خەبات و بەرەنگاربوونەوەی شەرەفمەندانە لە دژی ڕژێمی داگیرکەری ئیسرائیل و ڕێگەی ئازادکردنی قودس بەسەر برد، هەرگیز خوێنی پاکی بەفیڕۆ ناچێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەشڵێت: کوژرانی ئیسماعیل هەنیە لە تاران پەیوەندیی پتەو و نەپچڕاوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و فەلەستین و بەرەی موقاوەمە بەهێزتر دەکات.
ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس دوێنێ سێشەممە، لە تاران بەشداری لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئێران کرد و بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە شوێنی مانەوەیدا لە تاران لەگەڵ پاسەوانێکی تایبەتیدا لە هێرشێکدا کوژران.