41 ساڵ بەسەر ئەنفالکردنی بارزانییەکاندا تێدەپەڕێت

گۆڕستانی ئەنفالی بارزانییەکان "ئەرشیف"
گۆڕستانی ئەنفالی بارزانییەکان "ئەرشیف"

ئەنفالکردنی کورد لەنیوەی دووەمی سەدەی رابردوو بە ئەنفالکردنی بارزانییەکان دەستی پێ کرد، رژێمی پێشوو بە چەند قۆناغێکی یەک لەدوای یەک و خێرا سەرەتا بەشێک لە بارزانییەکانی بۆ باشووری عێراق راگواست و بەشێکی دیکەیان لە کۆمەڵگە زۆرەملێیەکان لەسنووری پارێزگای هەولێر لەژێر ئەمنیەتی تونددا نیشتەجێکرد، پاشان قۆناغەکانی ئەنفالکردنی بارزانییەکانی دەست پێ کرد و زیاتر لە هەشت هەزار بارزانی ئەنفال کرد.

بارزانییەکان بەر لەوەی بەر هەڵمەتی ئەنفال بکەون لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو بۆ باشووری عێراق راگوێزران، لەساڵی 1978 بەشێکیان لە زێدی خۆیان بۆ ئۆردوگا زۆرەملێیەکانی دیانا، هەریر، بەحرکە و گۆڕەتوو، لەژێر کۆنتڕۆڵی توندی سەربازی کۆکرانەوە و مەبەستەکەش ئامادەکردنیان بوو بۆ قۆناغی دواتر کە لەناوبردنیانە هەروەها لە ساڵی 1980 ژمارەیەکی دیکەیان بۆ ئۆردوگای زۆرەملێی قوشتەپە بەمەبەستی لەنێوبردنیان لە هەردوو کۆمەڵگەی قودس و قادسیە، نیشتەجێکران.

بەگوێرەی بەڵگەنامە فەرمییەکانی رژێمی بەعس لەکۆتایی مانگی تەمموز و  سەرەتای ئابی ساڵی 1983، هێزێكی گەورە و بەشێوەیەكی زۆر نهێنی کە لە هێزەكانی فەرمانگەی ئەمنی هەولێر و فەوجەكانی فریاکەوتن و هێزەكانی حەرەس جمهوریی بە شێوەیەكی زۆر نهێنی هەستان بە گەمارۆدانی ئەو كۆمەڵگا زۆرەملێیانەی كە بارزانییەكان تێیدا نیشتەجێ بوون دواتر دەستگیركردنیان بە سێ قۆناغ.

قۆناغی یەكەم: 31/7/1983 کۆكردنەوەی بارزانییەكانی دانیشتووی قۆشتەپە لە دوو كۆمەڵگای زۆرەملێی قودس و قادسیە لە دەوروبەری پارێزگای هەولێر.

قۆناغی دووەم: 10/8/1983 كۆكردنەوەی بارزانییەكانی دانیشتووی كۆمەڵگای هەریر و دیانا و بەحركە و لادێكانی مێرگەسوور.

قۆناغی سێیەم: 1/10/1983 جارێکی دیکە بە شێوەیەکی چروپڕ ماڵ بە ماڵی ئۆردووگاکانیان پشکنی و ئەوەی لە جارەکانی تر دەربازیان ببوو ئەوجارە دەستگیر کران.

ئەوەی زیاتر ئەم ڕاستییانە دەسەلمێنێت نووسراوێكی فەرمی  بەڕێوەبەری ئەمنی گشتییە بە ژمارە 84 لە ڕێكەوتی 29ـی ئاداری 1989، بۆ سكرتێری سەرۆكایەتی كۆمار ناردوویەتی و تێیدا دووپاتی دەكاتەوە "كە لە بەیانی ڕۆژی 1ـی ئابی ساڵی 1983 دا لەسەر داوای بەڕێوەبەری ئەمنی گشتی "د.فازل براك" هێزێكی سەربازی سەر بە حەرەس جمهوری، كۆمەڵگەكانی "قودس و، قادسیە لە قوشتەپە" كە بۆ خێزانە بارزانییەكان دروست كرابوو گەمارۆ دراوە و دەست گیراوە بەسەر هەموو ئەو پیاوە بارزانییانەی تەمەنییان لە پازدە ساڵ بەرە و ژوور بووە و بە سەیارەی گەورەوە گواستراونەتەوە بۆ بەغدا.

 

 

Fly Erbil Advertisment