نەتەوە یەکگرتووەکان: ئیسرائیل ئەشکەنجەی زیندانییە فەڵەستینییەکان دەدات

نەتەوە یەکگرتووەکان لە تازەترین ڕاپۆرتیدا لە بارەی شەڕی غەززە بڵاویکردووەتەوە، ئەو فەڵەستینیانەی لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکراون ئەشکەنجە دەدرێن.
بە گوێرەی تازەترین ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەمڕۆ چوارشەممە لە جنێڤ بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەیداوە، لەوەتەی شەڕی غەززە دەستی پێکردووە، ئەو فەڵەستینیانەی لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکراون لە گرتووخانە نهێنییەکان، زیندانی کراون، بە خراپی ڕەفتاریان لەگەڵ دەکرێت و ئەشکەنجە دەدرێن.
لەمبارەوە ڤۆلکەر تورک کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، ئەو بەڵگەنامانەی نووسینگەکەی لەگەڵ هەندێک لایەنی دیکە کۆیان کردووەتەوە ئاماژە بە دۆخێکی تۆقێنەر دەکەن، لەوانە ئەشکەنجەدان بەشێوەی خنکاندن بە ئاو، تێبەردانی سەگ لەو جۆرە ئەشکەنجەدانانەیە کە لە گرتووخانەی ئیسرائیل بەرانبەر بە فەڵەستینییەکان دەکرێت.
ئەو کۆمیسیارە باڵایەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو ڕەفتار و شێوازەی لە گرتووخانەکانی ئیسرائیل بەرانبەر بە زیندانییە فەڵەستییەکان دەگیرێتەبەر، پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشی دەستەی کاروباری دیل و ئازادکراوەکانی حکوومەتی فەڵەستین و ڕێکخراوی دیلە فەڵەستینییەکان، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی عەززە تاوەکوو ئێستا نۆ هەزار و 870 فەڵەستینی لەلایەن ئیسرائیل دەستگیرکراون.