خامنەیی: ئیسرائیل دەبێ باجێکی قورس بدات
خامنەیی: تۆڵەسەندنەوەی هەنیە بە ئەرکی خۆمان دەزانین

ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکدا، ئیسرائیل بە کوشتنی ئیسماعیل هەنییە تۆمەتبار دەکات و دەڵێ: ئیسرائیل دەبێ باجێکی قورس بدات و تۆڵەسەندنەوەی خوێنی هەنیە بە ئەرکی خۆمان دەزانین
خامنەیی لە پەیامەکەدا دەڵێت: ڕژێمی تاوانباری ئیسرائیل، میوانی ئازیزی ئێمەی لە ناو ماڵی ئێمەدا شەهید کرد و هەموومانی خەمبار کرد بەڵام ڕێگەی لەبەردەم سزادانێکی قورسی خۆی خۆش کرد.
خامنەیی سەرەخۆشیی ئاراستەی بەرەی موقاوەمە و گەلی فەلەستین و بنەماڵەی هەنییە کردووە و جەختی کردووەتەوە لەبەر ئەوەی ئەم ڕووداوە لە ناو خاکی ئێراندا ڕوویداوە، کۆماری ئیسلامیی ئیران تۆڵە سەندنەوەی بە ئەرکی خۆی دەزانێت.
هەروەها مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: کوژرانی حاجی ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس پەیوەندییەکانی هەردوو گەلی ئێران و فەڵەستین بەهێزتر دەکەن و ڕێگەی موقاوەمە و بەرگری لە زوڵم لێکراوان بە هێزتر دەکات.
لە بەشێکی دیکەدا نووسیویەتی" دوێنی دەستی سەرکەوتنی هەنییەم بەرزکردەوە، بەڵام ئەمڕۆ دەبێ تەرمەکە لەسەر شانم دابنێم".
سەرەڕای کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان لە بارەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران، بەڵام تاوەکوو ئێستا ئیسرائیل بەرپرسیارێتی کوشتنی هەنییەی لە ئەستۆ نەگرتووە و بە بڕیاری بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەش، لێدوان لە سەرجەم بەرپرسانی حکوومەت و سەربازی قەدەغەکراوە لەسەر ڕووداوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە هێرشێکدا لە ناوجەرگەی تاران ئیسماعیل هەنییە و پاسەوانێکی لە شوێنی مانەوەیان کوژران و ئێرانیش ڕایگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لە چۆنێتی ڕووداوەکە دەکەن و دواتر بۆ ڕای گشتیی ئاشکرای دەکەن. هەروەها حکوومەتی ئێران وەک ڕێزگرتن سێ ڕۆژ ماتەمینی سەرتاسەری لە وڵاتەکە ڕاگەیاند.