کەنەدا پشتیوانیی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە

نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لە 41ـەمین ساڵیادی ئەنفالکردنی بارزانییەکان جەخت لە ڕێگری دووبارە نەبوونەوەی تاوانی لەم جۆرە دەکاتەوە.

لە پەیامەکەی نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا هاتووە "ئەمڕۆ 41 ساڵ بەسەر شاڵاوی ئەنفالی بارزانییەکان تێ دەپەڕێت کە لە لایەن ڕژێمی سەدامەوە جێبەجێ کراو  و هەزاران پیاو، ئافرەت و منداڵی بێ تاوانی شەهید کرد، هەربۆیە کەنەدا پابەندبوونی خۆی دووپات دەکاتەوە بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق و کوردستان، بۆ ڕێگریی لە دووبارە نەبوونەوەی ئەو دڕندەییە لە داهاتوودا".

بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی لە دامەزراوە هەواڵگریی سەربازییەکانی ڕژێمی بەعس دەستیان بەسەردا گیراوە، ئەنفالی بارزانییەکان بە سێ قۆنا‌غ جێبەجێ کراوە.

قۆناغی یەكەم: 31/7/1983 کۆكردنەوەی بارزانییەكانی دانیشتووی قۆشتەپە لە دوو كۆمەڵگای زۆرەملێی قودس و قادسیە لە دەوروبەری پارێزگای هەولێر.

قۆناغی دووەم: 10/8/1983 كۆكردنەوەی بارزانییەكانی دانیشتووی كۆمەڵگای هەریر و دیانا و بەحركە و گوندەکانی مێرگەسوور.

قۆناغی سێیەم: 1/10/1983 جارێکی دیکە بە شێوەیەکی چروپڕ ماڵ بە ماڵی ئۆردوگاکانیان پشکنی و ئەوەی لە دوو قۆناغەکەی پێشتر دەربازیان ببوو، دەستگیر کران.

هەروەها بەگوێرەی نووسراوێكی فەرمی  بەڕێوەبەری ئەمنی گشتیی بە ژمارە 84 لە ڕێکكەوتی 29ـی ئاداری 1989، بۆ سكرتێری سەرۆكایەتی كۆماری عێراق نێردراوە تێدا هاتووە، "لە بەرەبەیانی ڕۆژی 1ـی ئابی ساڵی 1983 دا لەسەر داوای بەڕێوەبەری ئەمنی گشتی 'د.فازل بەڕاك' هێزێكی سەربازی سەر بە پاسەوانی کۆماری، كۆمەڵگەكانی "قودس و، قادسیە لە قوشتەپە" كە بۆ خێزانە بارزانییەكان دروست كرابوو گەمارۆ دراوە و ڕەشبگیری هەموو ئەو پیاوە بارزانییانەی تەمەنییان لە پازدە ساڵ بەرە و ژوورە بە بارهەڵگری سەربازی گواستراونەتەوە بۆ بەغدا و ئەنفال کراون".

Fly Erbil Advertisment