ئەرشەد ساڵحی داوای دانانی پارێزگارێکی کاتی بۆ کەرکووک دەکات تا لایەنەکان ڕێک دەکەون

K24 – کەرکووک:
سەرکردەیەکی بەرەی تورکمانی لە کەرکووک ڕایگەیاند: لەپێناو خەرجیکردنی مووچەی فەرمانبەران و ڕاییکردنی مامەڵە داراییەکانی پارێزگای کەرکووک، پێشنیاز دەکات سەرۆکی دەستەی هەماهەنگی باڵای نێوان پارێزگاکان بەشێوەیەکی کاتی ڕاسپێردرێت کارەکانی پارێزگاری کەرکووک بکات.
31ـی تەمموزی 2024، ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق کە یەکێکە لە سەرکردەکانی بەرەی تورکمانی لە کەرکووک لە پەیامێکدا ڕایگەیاندووە: داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، ئەحمەد فەتلاوی، سەرۆکی دەستەی هەماهەنگی باڵای نێوان پارێزگاکان ڕاسپێرێت بۆ ڕاییکردنی کاروباریی دارایی فەرمانبەرانی پارێزگای کەرکووک.
ئەرشەد ساڵحی ئاماژەی بەوە کردووە "بەهۆی پێک نەهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک، کێشە بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی پارێزگا و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دروست بووە لە کاتێکدا، ئەو فەرمانبەرانە هیچ گوناهێکیان نییە بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان، مووچەکانیان دوا بکەوێت".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ساڵحی ئاماژەی بەوەش کرد "دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران و دروستبوونی کێشەی دارایی و کارگێڕیی لە پارێزگای کەرکووک، دەبێت هاندەرێک بێت بۆ ئەوەی لایەنەکان پەلە بکەن لە ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک".
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک بەردەوامە و سەرچاوەی ناکۆکییەکانیش پۆستی پارێزگارە کە هەمووان داوای دەکەن. لەو چوارچێوەشدا سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەن لە پێکهاتەی عەرەبی کۆبۆوە داوای کرد بەربەستەکان هەڵبگیرێن و بەپەلە حکوومەتی خۆجێی لە شارەکە پێک بێت.
هەفتەی ڕابردوو، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە جیا لەگەڵ نوێنەرانی عەرەب و تورکمانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبووەوە و جەختی لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگار و پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی لە کەرکووک بە کۆدەنگی هەموو پێکهاتەکان کردەوە و بەپێی زانیارییەکانیش سوودانی ئاماژەی بەوەکردووە "ئەگەر لە ماوەی یاسایی لایەنەکان نەگەنە ڕێککەوتن، ئەوا خۆی کەسێک بۆ پارێزگاری کەرکووک دیاری دەکات".
لە 11ـی تەمموزی 2024، یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە ئامادەبوونی هەر 16 ئەندامە هەڵبژێردراوەکەی بەڕێوە چوو؛ ڕاکان جبووری کە پێشتر پارێزگاری سەپێندراوی ئەو شارە بوو، وەک ئەندامی ئەنجوومەنەکە کە بە تەمەنترینیانە سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی کرد و تەنیا 30 ڕۆژی لە بەردەمە وەک پارێزگاری کاربەڕێکەر تاوەکوو هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ، لە دیوانی پارێزگای کەرکووک دابنیشێت.
کورد، سوورە لەسەر ئەوەی پارێزگاری کەرکووک کورد بێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەریەکە لە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ڕێبوار تەها، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی لە ئەنجوومەنی پارێزگاری کەرکووک و حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە وتەکانیاندا لە ڕۆژی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک جەختیان کردەوە کە دەبێت پارێزگاری نوێی کەرکووک، کورد دەبێت.
ڕۆژانی 16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتیی لە پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریی لەو پارێزگایە گەیشتە 66%، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و کارتی دەنگدان، هەزاران هاووڵاتی کورد لەو شارە لە دەنگدان بێبەشبوون.
ڕۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 2023 کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، 559 هەزار و 221 دەنگی دروست لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەبووە کە کۆی گشتیی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنەکە لە 16 کورسی پێکهاتووە (11 کورسی بۆ پیاو، 4 کورسی کۆتای ئافرەتان و یەک کورسیی کۆتای پێکهاتەی کریستیان).
لە کۆی 16 کورسییەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، كورد خاوەنی حەوت كورسییە (پێنج کورسی بۆ یەكێتی و دوو کورسی بۆ پارتی)، پێکهاتەی عەرەبیش شەش كورسی هەیە (هاوپەیمانی عەرەبیی كەركووك سێ کورسی، لیستی قیادە دوو کورسی و هاوپەیمانی عروبە یەک کورسی هەیە)، هاوکات بەرەی توركمانی دوو كورسی و كریستیانەكانیش كورسییەكی كۆتایان هەیە.
دوای ئەوەی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە بڕیاربوو لە (1ـی شوباتی 2024) بەڕێوەبچێت بۆ (5ـی شوباتی 2024) دواخرا و لەو ڕۆژەشدا، بە بەشداری ئەندامانی کورد و کۆتای کریستیانەکان کە ژمارەیان هەشت ئەندامە، ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگای کەرکووک یەکەم کۆبوونەوەی بەڕێوەچوو بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی ئەندامانی عەرەب و تورکمان، دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.