بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر: گەشتە ئاسمانییەکان بۆ بەیرووت نەوەستاون

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتیی هەولێر ئاشکرای دەکات، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەولێر و بەیرووت بەردەوامە و هەفتانە 13 گەشتی ئاسمانیی دەکرێن.
چوارشەمممە 31ـی تەممووزی 2024، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەولێر و بەیرووتی پایتەختی لوبنان بەردەوامە و هەفتانە 13 گەشت دەکرێن.
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراقی ڕایگەیاند: ئەو دەنگۆیانە ڕاست نین لەبارەی وەستانی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان فڕۆکەخانەی بەغدا و بەیرووت، ئەو وەزارەتە ئاماژە بەوە دەکات، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەردەوامە.
دووشەممە، 29-07-2024، هێڵی ئاسمانیی "لوفتانزا"ـی ئەڵمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد "بەهۆی بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تاوەکوو 30ـی ئەم مانگە، گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ بەیروتی پایتەختی لوبنان ڕاگرتووە".
هێڵی ئاسمانیی "لوفتانزا" باسی لەوەش کردووە "سێ گەشتی ئاسمانییان هەڵوەشاندووەتەوە کە بڕیاربوو دوانیوەڕۆی دووشەممە، 29-0—2024، بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەیروت بکرێن".
بە گوێرەی ئامارەکانی "فلایت ڕادار" هێڵی ئاسمانیی تورکیا، شەوی یەکشەممە، 28-07-2024، دوو گەشتیی ئاسمانی بۆ لوبنان هەڵوەشاندووەتەوە. هاوکات هەر یەکە لە هێڵە ئاسمانییەکانی "سون ئێکسپرێس"ـی تورکی، "ئیجە"ـی یۆنانی، "ئەسیوپیا" و هێڵی ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ژمارەیەک گەشتیان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەیروت هەڵوەشاندەوە.
شەوی شەممە، 27-07-2028، مووشەکێک لە کۆمەڵگەیەکی وەرزشیی “مەجدەل شەمس”ی سەر بە جۆلانی باکووری ئیسرائیل کەوتە خوارەوە، بەهۆیەوە نزیکەی 10 کەس کوژران کە بەشێکیان منداڵ و مێردمنداڵن، نزیکەی 20 کەسی دیکەش بریندار بوون.
دوا بە دوای هێرشەکە، بەرپرسانی ئیسرائیل پەنجەی تۆمەتیان بۆ حزبوڵلای لوبنانی ڕاکێشا و بەڵێنیان دا باجەکەی قورس دەبێت. یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕێکارەکانی هێرشکردنە سەر حیزبوڵلای خستە ئامادەباشییەوە، ژمارەیەک پێگەی و کۆگەی چەکی حیزبوڵلاشیان لە باشووری لوبنان بۆردوومان کرد.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڕیاری دا بە هۆی هێرشەکەوە، سەردانەکەی بۆ ئەمریکا کۆتایی پێ بهێنێت و بە پەلە بگەڕێتەوە ئیسرائیل. ناتانیاهۆ لە پەیامێکیشدا گوتی، حزبوڵلای لوبنانی بەرپرسیارە لە کۆمەڵکوژییەکەی “مەجدەل شەمس” و لێی بێدەنگ نابن.